رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئاماری فەرمیی پاسەوانی سنووری بەریتانیا، 40٪ی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم نۆکەندی ئینگلیز دەبڕن و خۆیان دەگەیێننە ئەو وڵاتە، تەمەنی راستەقینەیان لە دامودەزگەکان دەشارنەوە؛ تەنانەت هەندێک لەوانەی پێگەیشتوون، بانگەشەی ئەوە دەکەن منداڵن.
ئەم ئامارە، رادەی ئەو هەوڵانە نیشاندەدات کە هەندێک کەس دەیدەن بۆ فێڵکردن لە سیستمی پەنابەریی بەریتانیا.
لەنێو ئەو کەسانەدا، هەزار و 305 کۆچبەری ئەفغانی، تەمەنی راستەقینەیان شاردووەتەوە و خۆیان منداڵتر ناساندووە تاوەکو مافی پەنابەرییان پێ بدرێت.
وەک بەرپرسانی بەریتانی باسی دەکەن، زۆر لەوانە پێش گەیشتنیان بە کەناراوەکانی وڵاتە ئەورووپییەکە، پاسپۆرت، بەڵگەنامە و ناسنامەیان لەنێوبردبێت.
بەریتانیا ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت ناکاتەوە کە هێشتا منداڵن و هاوشێوەی منداڵانی بەریتانی، خزمەتگوزاریی تەندروستی، پەروەردە و یارمەتیی داراییان پێشکێش دەکات.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەریدەخەن کە لە نێوەڕاستی 2022ـەوە تاوەکو حوزەیرانی 2024، 11 هەزار و 449 دۆسیە لەسەر تەمەنی کۆچبەران لەلایەن کارمەندانی هێزی پاسەوانی سنوری بەریتانیاوە کراونەوتەوە کە گومانیان هەبووە تەمەنەکە راست نەبێت.
لەو ژمارەیە، 8 هەزار و 791ـیان یەکلایی کراونەتەوە و دەرکەوتووە 3 هەزار و 570 کەسیان، کە دەکاتە 40٪، لە بارەی تەمەنیانەوە راستیان نەکردووە و بانگەشەی ئەوەیان کردووە خوار 18 ساڵی بن.
ساڵی رابردوو، 56٪ی دۆسیەکان پەیوەندییان بەو کۆچبەرانەوە هەبوو کە بانگەشەی ئەوەیان کردبوو منداڵن، بەڵام دواتر سەلمێنرا کە کەسانی پێگەیشتوون.
ئەوانەی لەو دوو ساڵەدا تەمەنیان شاردووەتەوە و خۆیان وەک منداڵ ناساندووە، هەزار و 305 کەسیان خەڵکی ئەفغانستان و 571یان خەڵکی سوودانن.
هەروەها 335ی پەناخوازی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 325ی ئێریتێریا و 318ی ڤێتنام هەمان فێڵیان کردووە.
هەفتەی رابردوو، راپۆرتێکی پشکنەری سنوورەکانی بەریتانیا دەریخست کە کارمەندانی کۆچ وەک پێویست لە تەمەنی راستەقینەی کۆچبەرانی نۆکەندەکە ناپێچنەوە.
لە یەکێک لە رووداوەکاندا، ئێرانییەک کە تاڵی سپیی لە قژیدا بووە و ریشی هەبووە، وەک کەسێکی 17 ساڵان قبووڵکراوە.
بڕیارە ساڵی داهاتوو تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەن بخرێتەکار.
سێر ئالێک شێلبروک، ئەندامی پارتی پارێزگاران کە پێشتر لە چەند وەزارەتێکدا کاری کردووە، بە تووڕەییەوە گوتی: "ئەم ئامارانە رادەی نەرمونیانیی بەریتانیا نیشاندەدەن."
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆش گوتی: "هەڵسەنگاندنی تووندوتۆڵی تەمەن بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان زۆر گرنگە." گوتیشی: "لە مانگەکانی داهاتوودا دەست بە نوێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە دەکەین لە رێگەی تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای خێرا و کارای ژیریی دەستکرد بۆ خەمڵاندنی تەمەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ