رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دادوەریی ئێران رایگەیاند، دادگەیەکی تاران داوا لە ئەمریکا دەکات 330 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بە ئێران بدات لە بەرامبەر ئەوەی کە لە ساڵی 1980 "پلانی کودەتا"ی لە دژی کۆماری ئیسلامی داناوە.
ساڵێک دوای ئەوەی کە شۆڕشی ئیسلامی کۆتایی بە دەسەڵاتی شای لایەنگری ئەمریکا هێنا، کۆمەڵێک ئەفسەری سوپا هەوڵی کودەتایان بەسەر سەرکردایەتیی شۆڕشەکە دا.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران (ئیرنا) "یاخیبووەکان" لە لایەن سەعید مەهدیوون سەرکردایەتی دەکران، کە فەرماندەیەکی پێشووتری هێزی ئاسمانیی ئێران بووە و بارەگای سەرەکییان لە بنکەی ئاسمانیی نۆژەهـ بووە لە پارێزگای هەمەدان.
ژمارەیەک کەس لە هەردوولای کودەتاچییەکان و هێزەکانی حکومەتدا کوژران و چەندین کەسیش دەستگیرکران.
ئیرنا دەڵێت، "ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی سەرانسەری وڵات و بەئامانجکردنی ناوەندە ستراتیجییەکان و شوێنی مانەوەی سەکردەکانی شۆڕش بوو، بەڵام هەوڵەکانیان شکست پێ هێنران."
ساڵی رابردوو، کەسوکاری ئەوانەی لە کودەتاکەدا کوژران، سکاڵایەکیان لە دادگەی نێودەوڵەتیی ئێران تۆمارکرد و داوای قەرەبوویان کرد.
بە گوێرەی ماڵپەڕی میزان کە سەر بە دەزگای دادوەریی ئێرانە، سکاڵاکاران ئەمریکا بە "پلاندانەر و جێبەجێکاری" کودەتاکە تۆمەتباردەکەن.
دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیاریدا "حکومەتی ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی مادی و مەعنەوی بە سکاڵاکاران بدات و 300 ملیۆن دۆلاریش وەک پێبژاردن بدات."
تاران و واشنتن لە ساڵی 1979ـەوە هیچ پەیوەندیێکی دیپلۆماسیی فەرمییان نییە.
لە ساڵی 1953، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا محەممەد موسەدەق، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێرانیان لە دەسەڵات لادا؛ موسەدەق پیشەسازییە دەوڵەمەندەکەی نەوتی ئێرانی بە نیشتمانی کردبوو.
ساڵی 2016، دادگەی باڵای ئەمریکا، بڕیاریدا کە سامانی سڕکراوی ئێران لە ئەمریکا بە قوربانیانی ئەو هێرشانە بدرێت کە واشنتن پێیوایە تاران ئەنجامیداون، لە نێویاندا تەقینەوەکەی ساڵی 1983ی کەشتیی سەربازییەکەی ئەمریکا لە بەیرووت و تەقینەوەکەی ساڵی 1996ی سعودیە.
ئاداری ئەمساڵ، دادگەی دادی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە ئەمریکا مافی ئەوەی نییە ئەو سامانە سڕکراوە بەکاربێنێت، بەڵام دادگەکە روونیشیکردەوە کە لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە ئەو دوو ملیار دۆلارە سڕکراوەی ئێران لە بانکەکانی ئەمریکا ئازاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ