رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئەو وڵاتە لە کاتی راهێنانی سەربازی لە باکووری ئوسترالیا، 3 سەربازی هێزی مارێنزی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و 20ـی دیکەش بریندار بوون.
هێزی مارێنزی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کۆی گشتی 23 کەس لە هێلیکۆپتەرەکەدا بوون. گیانلەدەستدانی سیانیان پشتڕاستکراوەتەوە و حەوتی دیکە بە دۆخێکی ناجێگیرەوە گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە."
هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری ئۆسپرەی بووە، کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ستوونی لە شوێنی خۆی بەرزبێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، رووداوەکە لە دوورگەی مێلڤیل روویداوە کە لە باکوورەوە 60 کیلۆمەتر لە خاکی سەرەکیی ئوسترالیاوە دوورە.
هێلیکۆپتەرەکە لە راهێنانی ئاسمانیدا بەشدارببوو کە هەزاران سەربازی ئەمریکا و ئوسترالیا و هێزەکانی وڵاتانی دیکەی وەک ئیندۆنیزیا و فلیپین، تێیدا بەشدارن.
باکووری ئوسترالیا لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە پێگەیەکی گرنگ بۆ هێزەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا دوو هاوپەیمانەکە هەوڵدەدەن لە زەریای هێمن بەڕووی چیندا بووەستنەوە.
ئۆسپرەی جۆرێکە لە هێلیکۆپتەر کە تایبەتمەندیی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەشی هەیە.
دوو بزووێنەر لەسەر باڵەکانی هێلیکۆپتەرەکە بەستراون کە توانای لاربوونەوە و سووڕانەوەیان هەیە و رێگەی پێدەدەن بتوانێت بە شێوەیەکی ستوونی هەستێت و خێراتریش لە هێلیکۆپتەرە ئاساییەکانی دیکە بڕوات.
سەلامەتیی ئەو جۆرە هێلیکۆپتەرە چەندین جار کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە تووشی ژمارەیەک رووداو بووە.
لە نیسانی ساڵی 2000ـدا 19 سەربازی هێزی مارێنزی ئەمریکی لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەهۆی تێکشکانی یەکێک لەو هێلیکۆپتەرانە لە ویلایەتی ئەریزۆنا گیانیان لەدەستدا.
ساڵی 2017 و لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە لەسەر کەشتیەکی گواستنەوە لەنێو دەریادا لە باکووری ئوسترالیا، سێ سەربازی دیکەی مارێنزی ئەمریکی لە هێلیکۆپتەرێکی دیکەی ئۆسپرەیدا گیانیان لەدەستدا.
تەممووزی ئەمساڵ، چوار سەربازی ئوسترالی گیانیان لەدەستدا کاتێک کە لە مانۆڕێکی سەربازیدا هێلیکۆپتەرێکی هاوشێوە کەوتە نێو دەریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ