رووداو دیجیتاڵ
مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا پێیوایە، ئەو گوشارەی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 2021 بۆ لابردنی هەندێ بابەتی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردی، "هەڵە بوو،" دەشڵێت، لە داهاتوودا ملکەچی ئەو جۆرە گوشارانە نابێت.
لە نامەیەکیدا بۆ لیژنەی دادوەریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، زوکەربێرگ باسی ژمارەیەک پرسی کردووە کە تایبەتن بە لابردن و رێگەپێدانی بابەتی دیاریکراو لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، چیدیکە بۆ باشکردنی دامودەزگەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا، پارە بە حکومەت نادات. پێشتر کۆمارییەکان رەخنەیان لەو پارە بەخشینەی زوکەربێرگ دەگرت.
نارندنی ئەو نامەیە لەلایەن زوکەربێرگەوە بۆ کۆنگرێس، لە کاتێکدایە کە 5ی تشرینی دووەم، لە رکابەرییەکی سەختدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپی کۆماری و کامالا هاریسی دیموکرات، ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت و ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەو زانیارییە نادروستانەن کە لە بارەی هەڵبژاردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.
لە بارەی پەتای کۆرۆناوە، دامەزرێنەری فەیسبووک گوتی، ئیدارەی بایدن لە ساڵی 2021 "چەند جارێک لە ماوەی چەند مانگێدا گوشاری لە تیمەکانمان کرد بۆ ئەوەی هەندێ بابەتی دیاریکراوی پەیوەست بە کۆرۆنا سانسۆر بکرێن، لەنێویاندا بابەتی گاڵتەئامێز و رەخنەگرانە."
زوکەربێرگ نووسیویەتی: "پێموایە حکومەت هەڵە بوو، پەشیمانیشم کە دلێرانەتر قسەمان لە دژی نەکرد. بڕوای بەهێزم بەوەیە کە نابێت بەهۆی گوشاری هیچ ئیدارەیەک، بە هیچ ئاراستەیەکدا، سازش لەسەر بنەماکانی تایبەت بە بابەتەکانمانەوە بکەین." مەبەست لە بابەتەکان ئەو پۆستانەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە.
کۆمارییەکان ئەو نامەیەیان وەک سەرکەوتنێک بینی. لیژنەی دادوەریی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نامەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئازادیی رادەربڕین" دانا.
لەم چەند مانگەی رابردوودا، رەخنەی کۆمارییەکان بەرامبەر کۆمپانیاکانی بواری میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیادبوون و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی راوبۆچوونی نەریتخواز سانسۆر دەکەن.
زوکەربێرگ هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەوەی لە سەردەمی کۆرۆنادا کردی، لە پێدانی پارە بە حکومەت بۆ برەودان دامودەزگەکانی هەڵبژاردن، دووبارەی ناکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەو پارە بەخشینە لە لایەن کۆمارییەکانەوە بە شتێکی حیزبی و خزمەتکردن بە پارتی دیموکرات دەبینرێت.
ئەو نووسیویەتی: "ئامانجم ئەوەیە بێلایەن بم و هیچ رۆڵێکم نەبێت و تەنانەت واش دەرنەکەوم کە هیچ رۆڵێکم هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ