رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ چەند وڵاتێک لە گفتوگۆدایە بۆئەوەی بچنە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهام کە تایبەتە بە دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسرائیل. ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن ئامانجیەتی چەندین جەنگ و ململانێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆتایی پێبهێنێت، لەنێویشیاندا جەنگی غەززە.
رۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025 ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، "لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەندین وڵات، بۆ چوونە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهام."
ویتکۆف ئاماژەی بە ناوی ئەو وڵاتانە نەدا، بەڵام لە مانگی ئایارەوە پێشبینیی فراوانبوونی ئەو رێککەوتننامەیە لەئارادایە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ جەنگی سێ ساڵ و نیوی رووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە یەکلایی بکەنەوە.
ویتکۆف بە ترەمپی راگەیاند، "رووسیا - ئۆکرانیا، ئێران، ئیسرائیل و حەماس، ئێمە بە درێژایی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەمان لەسەر هەر سێ مەلەفەکان هەبووە. هیوادارین پێش کۆتایی ئەم ساڵ یەکلاییان بکەینەوە."
25ی ئاب، ترەمپ رایگەیاند، جەنگی غەززە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا دەگاتە "کۆتاییەکی یەکلاییکەرەوە."
ویتکۆف دەڵێت، هیوادارە لیژنەی نۆبڵ کارەکانی خۆی رێکبخاتەوە و خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بە ترەمپ ببەخشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ