ئەمریکا ڤیزە لەسەر ئیسرائیلییەکان هەڵدەگرێت

27-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئەمریکا بڕیاریدا ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا هەڵبگرێت. بڕیارەکەش لە مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، ئەلیهاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا هەڵگرتنی ڤیزەی لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی راگەیاند و گوتی: "بڕیارەکە زیاتر پەیوەندییە ئەمنییەکان، پەیوەندییە ئابوورییەکان و پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی ئەمریکا و ئیسرائیل بەهێز دەکات."
 
بەگوێرەی وەزیری ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا، ئەو فەلەستینییانەشی کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکان و لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین یاخود لە ئەمریکا دەژین، دەتوانن لەمەودا بەبێ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی ئیسرائیل بکەن. 
 
پێشتر ئەو هاووڵاتییە فەلەستینییانەی هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکا بوون، نەیاندەتوانی بەبێ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی ئیسرائیل بکەن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا، لەنێوان 45 تاوەکو 60 هەزار هاووڵاتی فەلەستینی کە وڵاتینامەی ئەمریکایان هەیە، لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەژین. 
 
بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا کاردانەوەی ئەرێنیی حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و گوتی: "ساتێکی گرنگ و خۆشە بۆ هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیل."
 
بەگوێرەی پڕۆگرامەکە، هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەتوانن بۆ ماوەی 90 رۆژ بەبێ وەرگرتنی ڤیزە لە ئەمریکا بمێننەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئەمریکا کرد هەمان مامەڵەی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ فەلەستین بکات و رێگە بە هاووڵاتییانی فەلەستینیش بدات بەبێ وەرگرتنی ڤیزە سەردانی ئەمریکا بکەن.
 
زیاتر لە 40 وڵات بەبێ وەرگرتنی ڤیزە دەتوانن گەشتی ئەمریکا بکەن و بۆ ماوەی 90 رۆژ لەو وڵاتە بمێننەوە کە بەشێکی زۆریان وڵاتی ئەوروپین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت