رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ چیک و پۆڵەندا تووندتر دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و دەیانەوێت لەوێوە رووبکەن لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
رۆژی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023، نانسی فێیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پۆلیسی فیدڕاڵیی کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی رۆژهەڵات تووندتر دەکات بۆ ئەوەی رێگە لە پەڕینەوەی بە قاچاخی کۆچبەران بگرێت."
زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا مشتومڕی زۆری ناوەتەوە، ئەوەش گوشاری لەسەر ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دروستکردووە و وایکردووە ئەڵمانیا بیر لە تووندکردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بکاتەوە.
بەگوتەی وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا، بڕیاری تووندکردنی سنوورەکان لە هەفتەی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت و دەشڵێت: "ئامانجی من ئەوەیە کە زۆرترین پەستان بخەمە سەر قاچاخچییەکان و ژیانی هاووڵاتیان بپارێزم."
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ تاوەکو مانگی ئەیلوول، پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا 70 هەزار و 735 کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو ئەڵمانیا تۆمارکردووە، ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 60% زیادیکردووە.
نووسینگەی پەنابەرانی ئەڵمانیاش دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم ساڵدا لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 70% زیادیکردووە و زیاتر لە 204 هەزار کەس داوای مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا کردووە.
لە رۆژی دووشەممە،11-9-2023 وە، زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بە زیاتر لە 120 بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا و لە یەک کاتیشدا حەوت هەزار کەس بردراونەتە ناوەندی پێشوازیکردن لە کۆچبەران، ئەمەش 17 هێندەی توانستی ناوەندەکەیە، چونکە ئەو ناوەندە بۆ لە خۆگرتنی تەنیا 400 کەس دروستکراوە؛ هەروەها ئەو ژمارە کۆچبەرە زیاترە لە دانیشتووانی تەواوی دوورگەکە.
بەو هۆیەشەوە. لەگەڵ زیادبوونی هاتنی کۆچبەران بۆ ئیتاڵیا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا وەرگرتنی کۆچبەر لەو وڵاتەوە رابگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ