رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرگەی "تەقینەوەیەکی دیکەی گەورە" ناگرێ کە لە پرسی کوردەوە سەرچاوە بگرێ.
لاڤرۆڤ هۆشداری دا لەوەی "هەندێک کەس دەیانەوێ پرسی کورد بتەقێننەوە" و جەختی لەسەر چارەسەری کێشەکان لە رێگەی "سازانی نیشتمانی" لە چوارچێوەی وڵاتاندا کردەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو، پرسیاری لە سێرگی لاڤرۆڤ کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتێکدا جیهان دان بە مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستینییەکان دەنێت، پێش 8 ساڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەستایەوە، هەروەها پرسیاری لەبارەی هەڵوێستی رووسیا لەسەر رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کرد.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وەڵامدا گوتی: "ئەم دوو پرسیارە زۆر پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. دروستبوونەوەی رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت، سەلمێنەری یەک شتە؛ عەرەب و کوردی عێراق دەتوانن مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن، دەتوانن رێکبکەون. ئێمە لەم بارەیەوە زۆر دڵخۆشین."
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد کە بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدان و گوتی: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە کورد و دەسەڵاتدارانی ناوەندی پەرە بە گفتوگۆ دەدەن."
سەبارەت بە پرسی کورد بە گشتی، وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری دا و گوتی: "ئێمە نامانەوێ پرسی کورد بە رووی هەموو کەسێکدا بتەقێتەوە، چونکە هەموو لایەنە کوردییەکان پلانی ئاشتییانەیان نییە و هەموویان پشتیوانی لە ئاشتی ناکەن. ژمارەیەکی بەرچاوی کورد لە چەندین وڵاتی ناوچەکە دەژین و هەندێک کەس هەن دەیانەوێ پرسی کورد بتەقێننەوە."
لاڤرۆڤ گوتی: "پێم وایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانێ بەرگەی تەقینەوەیەکی دیکەی گەورە بگرێ. ئێمە داوای هێوربوونەوەی هەموو لایەک دەکەین."
لاڤرۆڤ رێگەی چارەسەری کێشەکانی بە "سازانی نیشتمانی" لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کورد تێیاندا دەژی، وەک عێراق، سووریا و ئێران ناوبرد و رایگەیاند، بەبێ ئەو سازانە "وڵاتان دەڕووخێن".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا:
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان: من نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی کوردستانی عێراقم. دەبینین شەپۆڵێکی فراوانبووی دانپێدانان بە مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستیندا هەیە، بێگومان فەلەستینییەکان شایەنی ئەوەن دەوڵەتی خۆیان هەبێت، پێموایە تۆش لەوەدا هاوڕای، بەڵام هەشت ساڵ لەمەوبەر لە هەفتەیەکی وەک ئێستادا، کوردانی عێراق گشتپرسیی سەربەخۆییان کرد، دڵنیام لەبیرتە، هیچ وڵاتێک دانی بە ریفراندۆمەکەدا نەنا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کۆدەنگی لە دژی بوو، پێتوایە بۆچی ویستی دیموکراسیانەی ئەوان پشتگوێ خرا؟ ئایا ئەمە دووفاقی نییە؟ پرسیاری دووەمم لەسەر رێککەوتنی تازەی هەولێر و بەغدایە لەسەر نەوت، چیتان هەیە لە باریەوە؟
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا: ئەم دوو پرسیارە زۆر پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. دروستبوونەوەی رێککەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر نەوت، سەلمێنەری یەک شتە، عەرەب و کوردانی عێراق، دەتوانن مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن، دەتوانن رێکبکەون. ئێمە لەم بارەیەوە زۆر دڵخۆشین. من قسەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقدا کرد. ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتیی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە پەیوەندیداین. ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە کورد و دەسەڵاتدارانی ناوەندی، گفتوگۆ بەرەو پێش دەبەن. ئێمە نامانەوێت پرسی کورد بە رووی هەموو کەسێکدا بتەقێتەوە، چونکە هەموو لایەنە کوردییەکان پلانی ئاشتییانەیان نییە و هەموویان پشتیوانی لە ئاشتی ناکەن، ژمارەیەکی بەرچاوی کورد لە چەندین وڵاتی ناوچەکە دەژین، هەندێک کەس هەن دەیانەوێت پرسی کورد بتەقێننەوە. پێموایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانێت بەرگەی تەقینەوەیەکی دیکەی گەورە بگرێت. ئێمە داوای هێوربوونەوەی هەموو لایەک دەکەین، بەڵام بێ پەرەپێدانی گفتوگۆ و دۆزینەوەی سازانی نیشتمانی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویاندا ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژیت، وەک عێراق، سووریا و ئێران، بێ سازانی نیشتمانی، وڵاتان دەڕووخێن. هەندێ کەس رەنگە بڵێن، ئەمە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکانە، بەڵام هیچ جەنگێک لە ئارادا نییە، بۆیە دەکرێت رێککەوتن لەم دۆخەدا بگەنە رێککەوتن و هەولێر و بەغداش ئەمەیان سەلماندووە و ئێمەش پشتیوانی لەمە دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ