تورکیا 20 فڕۆکەی جۆری یۆرۆفایتەر تایفوون لە بەریتانیا دەکڕێت

27-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ لەندەن کرد بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری یورۆفایتەر تایفوون. بەهای گرێبەستەکە بە 11 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت. 
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کە بە سەردانێک لە ئەنقەرە بوو، رایگەیاند: "ئێمە ئەو هەنگاوە وەکو هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکەمان دەبینین."
ماوەیەکی زۆرە تورکیا، کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لەناو ناتۆدا، لە هەوڵی نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیی خۆیدایە، بەتایبەتی دوای دوورخستنەوەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی F-35ی ئەمریکی. 
 
ئەنقەرە گوشاری دەکرد بۆ بەدەستهێنانی 40 فڕۆکەی جەنگیی دروستکراوی ئەورووپا، کە بەرهەمێکی هاوبەشی گرووپێکە و لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە بەرهەمدەهێندرێن. 
ئەردۆغان سوپاسی سەرکردەی وڵاتانی دیکەی ئەندامی گرووپەکەی کرد بۆ "نزیکبوونەوەی ئەرێنییان" کە رێگەی بۆ ئەم گرێبەستە خۆشکرد.
دانوستاندنەکان لەگەڵ لەندەن دوای ئەوە خێرابوون، کە لە مانگی تەممووزدا، ئەڵمانیا ڤیتۆی خۆی لەسەر فرۆشتنەکە هەڵگرت، کە پێشتر بەهۆی نیگەرانییەکانییەوە بوو لەبارەی هەڵوێستی تووندی ئەنقەرە لەسەر شەڕی غەززە.
ستامەر، دوای رێوڕەسمی واژۆکردنەکە رایگەیاند: "ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە بەریتانیا 20 فڕۆکەی نوێی جۆری یۆرۆفایتەر تایفوون دەداتە تورکیا، لەگەڵ ئەگەری پێدانی ژمارەیەکی زیاتریش لە داهاتوودا."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، ئەم گرێبەستە "ئاسایش لە سەرانسەری هاوپەیمانیی ناتۆدا بەهێزتر دەکات، هاوئاهەنگیی بەرگریی دوولایەنەمان قووڵتر دەکاتەوە و گەشەی ئابووری لێرە و لە بەریتانیاش هاندەدات، کە زیاتر لە 20,000 هەلی کاری بەریتانی مسۆگەر دەکات لە دروستکردنی ئەم فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووانەدا."
ستامەر دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: "ئەمە شتێکە جێگەی دڵخۆشییە. من شانازی دەکەم کە تایفوونەکانی بەریتانیا بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەشێکی گرنگی هێزی ئاسمانیی تورکیا پێکدەهێنن، لە کاتێکدا ئێوە بەرگری لە باڵی باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ دەکەن بۆ بەرژەوەندیی هەمووان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە