دەستووری ئەمریکا رێگە بە ترەمپ دەدات جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک؟

27-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئەو دەنگۆیانە بەلاوە بنێت کە باس لەوە دەکەن هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی خولی سێیەمی سەرۆکایەتی دەدات. ترەمپ دەڵێت، بیری لەوە نەکردووەتەوە پەنا بۆ دادگە ببات بۆ تانەدان لە بڕگەی دەستوور، کە ماوەی سەرۆکایەتی بە دوو خول سنووردار دەکات.
 
لێرەدا باس لەو ئاستەنگە یاساییانە دەکەین، کە رووبەڕووی ترەمپ دەبنەوە.
 
دەستووری ئەمریکا چی دەڵێت؟
 
هەمواری 22ی دەستووری ئەمریکا، کە لە ساڵی 1951 پەسندکراوە، بە روونی دەڵێت: "هیچ کەسێک بۆی نییە زیاتر لە دوو جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆک هەڵبژێردرێت."
 
ئەم هەموارکردنەوەیە دوای ئەوە هات، کە فرانکلین دیلانۆ رۆزڤێڵت، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1951 ئەو نەریتەی شکاند، کە لەلایەن جۆرج واشنتن، یەکەم سەرۆکی ئەمریکاوە دانرابوو، کە خۆبەخشانە دوای دوو خول وازی لە پۆستەکەی هێنا.
 
رۆزڤێڵت لە سەردەمی قەیرانی گەورەی ئابووری و جەنگی جیهانیی دووەمدا، بۆ خولی سێیەم و چوارەم هەڵبژێردرایەوە و چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی خولی چوارەمی لە ساڵی 1945 کۆچی دواییکرد. ئەمەش نیگەرانیی دروستکرد سەبارەت بەوەی، کە سەرۆکێک بتوانێت بۆ ماوەیەکی بێسنوور لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا، پرۆسەی پەسندکردنی هەموارکردنەوەی 22 لە 21ی ئاداری 1947 لە کۆنگرێسەوە دەستیپێکرد و لە 27ی شوباتی 1951، دوای ئەوەی لەلایەن 36 ویلایەتەوە پەسندکرا، بە فەرمی بووە بەشێک لە دەستوور.
 
وەین ئونگەر، پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی کوینیپیاک، دەڵێت کە دەستوور زۆر روونە لەوەی سەرۆکەکان تەنیا بۆ دوو خولی چوار ساڵی سنووردار کراون. ئەو پێشبینی دەکات هەر هەوڵێکی ترەمپ بۆ تانەدان لەم بڕگەیە لە دادگەی باڵا سەرکەوتوو نەبێت و گوتی: "پێشبینی دەکەم دادگەی باڵا بڵێت نەخێر، بابەتەکە روونە، دوو خولی چوار ساڵی، دۆناڵد ترەمپ، ناتوانیت بۆ جاری سێیەم خۆت بەربژێر بکەیتەوە."
 
ئایا هاوپەیمانەکانی ترەمپ دەتوانن دەستوور بگۆڕن؟
 
بەڵێ، لە رووی تیۆرییەوە گۆڕینی دەستوور ئەگەری هەیە، بەڵام لەم سەردەمەی جەمسەرگیریی سیاسیی تووند لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا کارێکی زۆر ئەستەمە.
 
هەر هەموارکردنەوەیەکی دەستوور پێویستی بە پشتیوانیی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران هەیە. دوای ئەوە، دەبێت لەلایەن 38 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمریکاوە (واتە سێ لەسەر چواری ویلایەتەکان) پەسند بکرێت.
 
کۆمارییەکان زۆرینەیەکی زۆر کەمیان هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە 219 ئەندامن و لە ئەنجوومەنی پیرانیش 53 ئەندامیان هەیە، هەروەها کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی یاسادانانی 28 ویلایەتیان لە دەستدایە، ئەم ژمارانە زۆر لەوە کەمترن کە بۆ گۆڕینی دەستوور پێویستن.
 
ئاندی ئۆگڵز، ئەندامی کۆماریخوازی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ویلایەتی تێنسی و لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپ، لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 پێشنیازێکی بۆ هەموارکردنی هەمواری 22 پێشکەش کرد. پێشنیازەکەی ئۆگڵز رێگە دەدات کەسێک بتوانێت سێ خول خۆی بەربژێر بکاتەوە، بەو مەرجەی خولەکان لەدوای یەک نەبن. 
 
بەو پێیەی خولەکانی سەرۆکایەتیی ترەمپ (کە لە 2017 و 2025 دەستیانپێکرد) یەک لەدوای یەک نەبوون، ئەم هەموارکردنەوەیە ئەگەر پەسند بکرێت، رێگەی پێدەدات بۆ خولی سێیەم لە ساڵی 2029 خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
ئایا ترەمپ دەتوانێت وەک جێگری سەرۆک خۆی بەربژێر بکات؟
 
ترەمپ، رۆژی دووشەممە ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە وەک جێگری سەرۆک خۆی بەربژێر بکات و دواتر بەربژێری سەرۆکایەتی دەست لەکار بکێشێتەوە تاوەکو ئەو بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی.
 
ترەمپ لە کاتی گەشتکردنی بۆ تۆکیۆ لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "رێگەم پێدەدرێت ئەوە بکەم." بەڵام گوتیشی: "پێموانییە خەڵک حەزیان لەوە بێت. زۆر فێڵاوی دیارە."
 
لە رووی یاساییەوە، ترەمپ ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک بەربژێر بکات، چونکە مەرجەکانی بوون بە سەرۆکی تێدا نییە. هەمواری 12ی دەستووری ئەمریکا بە روونی دەڵێت: "هیچ کەسێک کە بەپێی دەستوور شایستەی پۆستی سەرۆک نەبێت، شایستەی پۆستی جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش نابێت." بەو پێیەی ترەمپ دوو جار وەک سەرۆک هەڵبژێردراوە، چیدیکە شایستەی ئەوە نییە ببێتەوە سەرۆک، بۆیە ناتوانێت ببێتە جێگری سەرۆکیش.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە