رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای مانگی رابردووەوە ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر ئەو بەلەمانەی بە گوتەی بەرپرسانی واشنتن، مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتەکەیان دەگوازنەوە. رۆژ بە رۆژیش ئەمریکا هێزی زیاتر لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین نزیکدەکاتەوە.
بەرپرسانی کاراکاس دەڵێن، مەترسی هەیە ئەمریکا جەنگیان لەگەڵ هەڵبگیرسێنێت، نەوەک لەبەر نەهێشتنی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکا، بەڵکو واشنتن چاوی لەسەر نەوتەکەیانە.
دیدگای ئێستای واشنتن بۆ وزە و نەوت
کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو لە نیویۆرک بەڕێوەچوون. تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتارێکی سەبارەت بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی پێشکێشکرد.
بەشێکی گوتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە پرسی وزەوە هەبوو و رایگەیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین فێڵە لە جیهاندا کرابێت". گوتیشی، پرسی دەردانی کاربۆن و کاریگەرییەکانیشی لەلایەن کەسانێکەوە بە مەبەستێکی "خراپ" دەوروژێندرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرە بەرە لە وزەی نوێبووەوە دووردەکەونەوە و "ئەو رێگا نوێبووەوانە کارناکەن و زۆر گرانن".
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی زانیاری وزەی ئەمریکا، وڵاتەکەیان پار رۆژانە بە تێکڕا 13.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، ئەمە 270 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا زیاتر بوو لە پێرار. پێشبینیش دەکەن بۆ سەرەتای 2027 بەرهەمی رۆژانەیان بە تێکڕا بگەیێننە 14 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەم ئامارە پیشانی دەدات، ئەمریکا خواستی بۆ نەوت لە زیادبوونە. بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر و دەستکەوتنی بڕێکی زیاتری دەتوانێت خۆی لە خەرجی بەرزی کڕینی سووتەمەنی و وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوەدا بەدووربگرێت، کە خەرجییەکی زۆری سەرەتایی هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری نەوت و گازی نێودەوڵەتی، کۆی یەدەگی جیهان لە نەوت نزیکەی 1.73 تریلیۆن بەرمیل نەوتە. لەو بڕە ڤەنزوێلا زۆرترینی هەیە کە 303.22 ملیار بەرمیلە و ئەمەش دەکاتە 17.52٪ی نەوتی یەدەگی جیهان.
لە بەرامبەردا ئەمریکا تەنیا 48 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە، کە دەکاتە 2.27٪ی کۆی یەدەگی نەوتی جیهان.
هەرچەندە بە ژمارە ڤەنزوێلا نەوتێکی زۆر زیاتری لە ئەمریکا هەیە، بەڵام واشنتن کاریگەری بەسەر بازاڕی نەوتەوە زۆرترە، بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان. ئەم کاریگەرییەش پەیوەندی بە پێترۆ-دۆلار، بڵاوەپێکردنی هێزی وڵاتەکەی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان کە خاوەن یەدەگێکی نەوتی زۆرن و سیاسەتی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهانەوە هەیە.
پێترۆدۆلار سیاسەتی فرۆشتنی نەوتە بە دۆلاری ئەمریکی. یەکەم وڵات کە رێککەوتنی فرۆشتنی نەوتی بە دۆلار لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد سعودیە بوو. دواتر، بەشێکی دیکەی وڵاتانی جیهان و فرۆشیاران و کڕیارانی نەوت هەمان رێککەوتنیان واژۆکرد.
رێککەوتنەکە لە ساڵی 1974 واژۆکرا.
تاوەکو خواست لەسەر نەوت زیاتر بێت، کاریگەری ئەو وڵاتانەی کاریگەری زۆریان لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان هەیە، زیاتر دەبێت. ئەمریکاش دەیەوێت کاریگەرییەکەی لەو پرسەدا زیاتر بکات.
مادەی هۆشبەر بۆ ئەمریکا و ئەوانەی دەیگەیێننە ئەو وڵاتە
بە گوێرەی ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی سنوور و گومرگ، لە 9 مانگی سەرەتای دەسەڵاتی ترەمپدا گەیاندنی مادە هۆشبەرەکان بە سنوورەکانی ئەمریکا زیادی کردووە. 9 مانگی یەکەمی پار 573 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەسەر سنوورەکانیان دەستی بەسەردا گیرا، هەمان ماوەی ئەم ساڵ 583 هەزار کیلۆگرام دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی ئاماری پەیمانگای سی ئەی تی ئۆی ئەمریکی، پار لە ئەمریکا 12 هەزار و 4 کەس تۆمەتبارکران بە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە دەرەوەوە بۆ ئەمریکا، 78٪یان ئەمریکی بوون.
شەڕەکە لەسەر چییە؟
بەگوێرەی بەرپرسانی ڤەنزوێلا لەوانە یڤان گیل پینتۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، ئەوەی واشنتن شەڕی بۆ دەکات لە دژی وڵاتەکەی رێگری نییە لە گەیشتنی مادە هۆشبەرەکان بە ئەمریکا، بەڵکو ئەوان چاویان لە نەوت و گازی وڵاتەکەیەتی.
لە مانگی رابردووەوە، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک بەلەم لە دەریای کاریبی کە بەرەو ئەمریکا بەڕێوەبوون. بەهۆی ئەو هێرشانەوە 43 کەس کوژراون. بەرپرسانی واشنتن دەڵێن، هێرشەکان بۆ رێگری بووە لە گەیشتنی مادە هۆشبەرەکان، کە ئەو بەلەمانە بۆ وڵاتەکەیانی دەگواستەوە.
بەرپرسانی واشنتن، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان بە خاوەنداریەتیکردن و سەرکردایەتیکردنی ئەو گرووپانە تۆمەتبارکرد، کە مادە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتەکەی دەگوازنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ