پزیشکانی بێسنوور: رۆژانە 8 کۆچبەر لە رێگەی چوون بۆ ئیتاڵیا دەمرن

27-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، رۆژانە هەشت کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا لە ئاوی دەریای نێوەڕاست دەمرن یان بێسەروشوێن دەبن. رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، "تائێستا دوو هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستداوە" و سەرکۆنەی وڵاتانی ئەوروپی دەکات بەهۆی رزگار نەکردن یان درەنگ کەوتنیان لە رزگارکردنی کۆچبەران. 

رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ناسراو بە (MSF) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، " رۆژانە هەشت کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ئیتاڵیا لە دەریای نێوەڕاست گیان لەدەست دەدەن یان بێسەروشوێن دەبن."
 
لەبارەی راپۆرتی ساڵی 2023 پزیشکانی بێسنوور رایگەیاندووە، تائێستا دوو هەزار و 200 منداڵ، ژن و پیاو لەو ئاوە خنکاون یان بێسەروشوێن بوونە. لە ساڵی 2017ـەوە پڕ قوربانیترین ساڵ 2023 بووە.
 
پزیشکانی بێسنوور لە ژێر ناونیشانی "کەس بە هانامانەوە نەهات" راپۆرتی ئەم ساڵی بڵاوکردووەتەوە و لە بەشێکی سەرکۆنەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات بۆ ئەو تووندوتیژییانەی لە سنوورەکانەوە دەکرێن. 
 
بە گوێرەی MSF تووندوتیژییەکانی هۆکارێکی سەرەکیی بەشێکی زۆری ئەو قوربانییانەن بە جۆرێک زۆربەی وڵاتە کەناراوەکان "بە مەبەست" بە هانای ژێرئاوکەوتووەکان ناچن یان درەنگ دەچن، زۆر جاریش بۆ شوێنی مەترسیدار دەیانگوازنەوە.
 
پزیشکانی بێسنوور لە رێگەی کەشتیی جیۆ بارێنتس کە خۆی کاری پێدەکات ئەو داتایانەی کۆکردووەتەوە. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە دەڵێت، "زۆرجار کە تیمەکانمان کۆچبەرەکانیان رزگارکردووە، چیرۆکی تووندوتیژیی پاسەوانی کەناراو و سنوورییان بۆ ئێمە گێڕاوەتەوە."
 
لە داتایەکی دیکە ئەو رێکخراوە ئاشکرای کردووە کە ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2023 چوونەتە ئیتاڵیا دوو هێندەی ساڵی رابردوون، بەشی زۆری کۆچبەرانیش لە توونسەوە بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێدەکەون.
 
سەرچاوەیەکی خۆجێیی ئیتاڵیا ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە مانگی یەکی 2023 تا مانگی حەوت چوونەتە ئیتاڵیا 89 هەزار و 153 کەسە لە کاتێکدا لە 2022 ژمارەکە 41 هەزار و 435 بوو، بەم شێوەیە کۆچی کۆچبەران بە رێژەی ٪115 زیادی کردووە.
 
ئاژانسە هەواڵییەکە هەروەها رایگەیاند، تەنیا لە 2023 نزیکەی 64 هەزار و 764 کەس لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانی ئیتاڵیا رزگارکراون و هێنراونەتە کەناراوەکانی وڵاتەکە کە ئەمەش سێ هێندەی ساڵی 2022ـە کە تەنیا 19 هەزار و 171 کەس رزگارکران. 
 
لە ساڵی 2023دا 72 هەزار و 460 کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و دوو هەزار و 561 کەس رەتکراونەتەوە و بۆ وڵاتی خۆیان نێردراونەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.