ئوسترالیا سوپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

27-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک "پاڵپشتیکاری تیرۆر" ناساندووە و ئەو هێزەی خستووەتە نێو لیستی تیرۆرەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 27-11-2025 هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ و داواکاری گشتیی ئوسترالیا، راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ئەو بڕیارە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، سوپای پاسدارانیان وەکو یەکەم هێزی وڵاتانی بیانی خستووەتە لیستی "پاڵپشتیکاریی تیرۆر"، کە لەسەرەتایی ئەم ساڵ، حکومەتی ئوسترالیا ئەو لیستەی دروستکرد، ئەمەش وەکو رێکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی "تیرۆرستی"  لەلایەن هێز و وڵاتانی بیانییەوە، پشتگیریی دەکرێن.
 
حکومەتی ئوسترالیا لە مانگی ئابی رابردوو، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە سەرپەرشتیکردنی دوو هێرش دژی جووەکان لە شارەکانی سیدنی و ماڵبۆرن لە ساڵی رابردوودا و رۆژی سێشەممەش 7 رۆژ مۆڵەتی دا بە باڵیۆزی تاران تاوەکو وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لەدرێژەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێت "هێرشەکانی ئێران دەستدرێژییەکی بێ وێنە و مەترسیدار بوون کە لەلایەن وڵاتێکی بیانی لەسەر خاکی ئوسترالیا رێکخراوە، حکومەتەکەشمان لە هەموو حکومەتەکانی پێشووی ئوسترالیا رێکاری تووندتری بەرامبەر ئێران گرتووەتەبەر و بەردەوامیش دەبێت لەهەوڵدابن بۆ پاراستنی سەلامەتی ئوسترالییەکان."
 
تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی ئوسترالیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵ و هێرشێک کە جووەکانی ئوسترالیا دەکەنە ئامانج کردەوە.
 
وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا گوتی، "هەموو ئوسترالییەکان شایەنی ئەوەن هەست بە سەلامەتی و ئارامیی بکەن. هەر ئەم بۆچوونەشە وایکردووە سوپای پاسداران بخرێتە لیستەکەوە." 
 
تۆنی بێرک گوتیشی، "حکومەتی ئوسترالیا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو رێکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی، بەتایبەتیش کردەوەی دژە جوو. حکومەت پابەندە بە دڵنیابوون لەوەی یاساکانی دژە تیرۆرمان بەهێز و کاریگەرن. ئەم چاکسازییانە کار قورستر و مەترسیدارتر و گرانتر دەکات بۆ ئەکتەرە بیانییەکان کە دەیانەوێت زیان بە ئوسترالیا و کۆمەڵگاکەمان بگەیێنن."
 
لە مانگی ئاب، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، ئەحمەد سەدیقی، باڵیۆزی ئێرانی لە کانبێرا دەرکرد پاش ئەوەی دەزگەی هەواڵگریی ئوسترالیا سوپای پاسدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە سووتاندنی چێشتخانەیەکی جووەکان لەشاری سیدنی و پەرستگەیەکیان لە مالبۆرن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە