رووداو دیجیتاڵ
تیمێكی رۆژنامەڤانی کۆسۆڤۆ لە نزیک سنووری سڕبیا لە پڕ لەلایەن چەکدارانی سڕبیاوە تەقەیان لێکرا. تریم دیمیری، رۆژنامەڤانێکی کۆسۆڤۆیە و دەڵێت: "ئێمە لە گوندی زوبسین لە نزیک سنووری سڕبیا، لە دیوی سڕبیاوە تەقەمان لێکرا، شۆفێرەکەمان بە سووکی بریندار بوو."
سڕبیا تانکی زیاتری لەسەر سنووری کۆسۆڤۆ جێگیرکردووە و هێزەکانی لەو ناوچەیە لە هەزار و 500 سەربازەوە بۆ نزیکەی 5 هەزار سەرباز زیادکردووە و سەرۆکی سڕبیاش بەڵێنی پاراستنی 120 هەزار سڕبی دانیشتووی باکووری کۆسۆڤۆ دەدات.
ئەلیکساندەر ڤوچیچ، سەرۆکی سڕبیا رایگەیاند: "حەز دەکەم پێتان رابگەیێنم کە بارودۆخەکە بەڕاستی قورسە. ئەلبانییەکانی کۆسۆڤۆ خۆیان پڕچەککردووە و ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییە سڕبییەکانمان لە باکووری کۆسۆڤۆ دەیکەین."
سڕبیا و کۆسۆڤۆ دوو وڵاتی دراوسێن لە ناوچەی بەلکان؛ 92٪ی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ موسڵمانی ئەلبانین، کەمتر لە 6٪یان کریستیانی سڕبین.
لە بەرامبەردا لە سڕبیا نزیکەی 91٪ی دانیشتووانەکەی کریستیانن؛ کەمتر لە 3٪یان موسڵمانن. کاتێك لە ساڵی 2008دا کۆسۆڤۆ تاکلایەنانە سەربەخۆیی راگەیاند، 99 وڵاتی جیهان دانیان پێدا نا، بەڵام سڕبیا بە پاڵپشتی رووسیا و چین هێشتا دانی پێدا نەناوە و کۆسۆڤۆ بە بەشێك لە خاکی وڵاتەکەی دادەنێت.
ئاڵۆزی نێوان کریستیانە سڕبییەکان و موسڵمانە کۆسۆڤییەکان بەردەوامە و ناوە ناوە کێشەیەکی بچووک بۆ شەڕ و پێکدادانی گەورە دەگۆڕدرێت.
سڤیتلانا بۆجۆڤیک، هاووڵاتییەکی سڕبیایە و گوتی: "هۆکاری هاتنم بۆ ئێرە پاڵپشتیکردنمە بۆ سڕبییەکانی دانیشتووی کۆسۆڤۆ و گوزارشتکردنە لە ناسنامەی ئێمەی سڕبی. ئەمە خاکی ئێمەیە و ئەوبەریش هەر خاکی ئێمەیە، ئەمە سەرزەمینی سڕبیایە و دەستبەرداریشی نابین."
کۆسۆڤۆ لەلایەن 22 وڵات لە کۆی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دانیپێدانراوە و لە 15ی ئەم مانگەوە بە فەرمی داوای ئەندامێتی یەکێتیی ئەوروپای کردووە و رەنگە لە دوای 2025وە داواکارییەکەی جێبەجێ بکرێت.
لە 1999وە کە سڕبیا هێرشیکردە سەر کۆسۆڤۆ، ناتۆ نزیکەی 3 هەزار و 800 سەربازی وەک هێزی ئاشتیپارێز لەنێوان هەردوولا جێگیرکردووە،
ئێستاش لە دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک، هەوڵی ئاشتکردنەوەی سڕبیا و کۆسۆڤۆ، لە چوارگۆشەی یەکەمدا چەقی بەستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ