رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا سوپاسی سەرۆکی کۆریای باکوور دەکات لە بەرامبەر ئەوەی کە بە یارمەتیی سەربازانی وڵاتەکەی، هەرێمی کورسکی رووسی لە دەستی هێزەکانی ئۆکراینا دەرهێندراوە.
رۆژی دووشەممە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لە زاری ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکەوە رایگەیاند، "لە سۆنگەی هاوسۆزی، دادپەروەری و هاوخەباتبوونی راستەقینەوە، هاوڕێ کۆرییەکانمان هەڵوێستیان نواند. ئێمە ئەوپەڕی پێزانینمان بۆیان هەیە، بەتایبەتی و بە دیاریکراوی سوپاسی هەڤاڵ کیم جۆنگ ئوون دەکەین."
ڤالێری گراسیمۆڤ، سوپاسالاری رووسیا رۆژی شەممە ستایشی "قارەمانێتیی" سەربازانی کۆریای باکووری کرد، کە بە گوتەی خۆی "یارمەتیی زۆر گرنگیان لە تێکشکاندنی سەربازانی ئۆکراینی پێشكێش كرد."
رۆژی دووشەممە ئاژانسی هەواڵیی کۆریا (KCNA)، لە زاری کۆمیسیۆنی سەربازی ناوەندی کۆریای باکوورەوە رایگەیاند، "یەکە لاوەکییەکانی هێزە چەکدارەکانمان بەپێی فەرمانی سەرۆکی دەوڵەتی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی ناوچەکانی کورسک کردووە."
بەپێی ئەو ئاژانسە، ناردنی ئەو هێزانە لەسەر بڕیاری کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە چوارچێوەی "پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش" بووە. کیم جۆنگ ئوون دەڵێت، "ئەوانەی بۆ دادپەروەری جەنگاون، هەموویان پاڵەوان و نوێنەری شەرەفی نیشتمانن."
رێبەری کۆریای باکوور داوایکردووە، بە خێرایی مۆنۆمێنتێک بۆ "سەرکەوتنەکانی جەنگ" لە پیۆنگیانگی پایتەخت بۆ ئەو سەربازانەی رووحی خۆیان بەخت کردووە، دروستبکرێت. ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە سەربازانی کۆریای باکوور لە شەڕدا کوژراون.
هەر لەبارەی ئەو سەربازانەوە کیم جۆنگ ئوون رایگەیاندووە، دەبێت وڵات "هەنگاوی گرنگی نیشتمانی بنێت بۆ رێزگرتن و چاودێریکردنی بنەماڵەکانی سەربازە کوژراوەکان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆنی ناوەندی سەربازی، "ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی ناوچەی کورسک بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکاریی ناوچەکانی فیدراسیۆنی رووسیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیاوە، بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات."
هەرێمی کورسک دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رووسیا. ئۆکراینا توانی بەشێکی ئەو هەرێمە کۆنتڕۆڵ بکات و بچێتە نێو خاکی رووسیاوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان رووسیا پشتی بە سەربازانی کۆریای باکوور بەست و بە گوتەی میدیای رۆژئاوا و ئۆکراینا بە هەزاران سەربازی کۆریای باکوور لەو سنوورە کوژراون.
هەواڵگریی کۆریای باشوور و وڵاتانی رۆژئاوا لەمێژ بوو باسیان لەوە دەکرد، پیۆنگیانگ زیاتر لە 10 هەزار سەربازی ناردوونەتە هەرێمی کورسک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ