رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا، بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانیی دووەم، سێ رۆژ ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا رادەگەیەنێت و داواش لە ئۆکراینییەکان دەکات، پابەندی ئاگربەستەکە بن و ئەگەری پابەند نەبن، "بە تووندی وەڵامیان دەدرێتەوە."
رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) سێ رۆژ ئاگربەستی لە ئۆکراینا راگەیاند و بڕیارە ئەو سێ رۆژی ئاگربەستەش لە رۆژانی 8 بۆ 10ی ئایاری داهاتوو بێت کە هاوکاتە لەگەڵ 80یەمین ساڵیادی رۆژی 'سەرکەوتن' لە جەنگی جیهانیی دووەم.
هەموو ساڵێک لە 9ی ئایار، کە بە رۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن رووسییەکانەوە ناسراوە، پشووی فەرمییە و سوپای رووسیا نمایشێکی سەربازیی فراوان لە گۆڕەپانی سوور لە ناوەندی شاری مۆسکۆی پایتەخت ئەنجام دەدات.
لەبارەی ئاگربەستە سێ رۆژییەکە، سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مرۆیی، ئاگربەستێکی سێ رۆژیی لە 80یەمین ساڵیادی رۆژی سەرکەوتن رادەگەیێنین."
هەروەها کرێملن لەدرێژەی بەیاننامەکەدا دەڵێت: "پێویستە ئۆکراینییەکانیش پابەندی ئاگربەستەکە بن و لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک لەلایەن ئۆکرایناوە، سوپای رووسیا وەڵامێکی گونجاو و کاریگەریان دەداتەوە."
ئەو بڕیارەی رووسیا لەدوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە پووتین کرد کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت و لەگەڵ ئۆکراینا رێکبکەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ ساڵییەکەی ئۆکراینا، کە ترەمپ کردوویەتیە یەکێک لە ئامانجەکانی ئیدارەکەی.
لە 20ی نیسان، رووسیا بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە 30 کاژێر ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام هەردوولا یەکدییان تۆمەتبار کرد بەوەی پێشێلکارییان لە ئاگربەستەکە دا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ