فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران هۆشداری دەداتە تاڵیبان

28-05-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران دوای شەڕەکەی نێوان پاسەوانی سنووری ئێران و چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، هۆشداری دایە تاڵیبان، کە ئەگەر "پابەندی رێوشوێنەکان نەبن"، بە شێوازی دیکە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت.
 
کەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای ئێران کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-05-2023 سەردانی ناوچە سنوورییەکانی ئێران و ئەفغانستانی کردبوو، گوتی، "سنووری هاوبەشی ئێران و ئەفغانستان لە کۆنترۆڵی سوپای ئێراندایە و ئاسایش و سەقامگیریی تێدا جێگیرە."
 
هەروەها رەسوڵ موسەوی، بەڕێوەبەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری ناوچەی باشوور، هۆشداریی دا "خەڵک و بژاردەکانی دوو وڵات ئاگادار بن، چونکە هەر چەشنە بەریەککەوتنێک بە زیانی ستراتیژیی دوو وڵاتەکە تەواو دەبێت."
 
رۆژی 27-05-2023 تێکەڵچوون لەنێوان هێزی پاسەوانی سنووری ئێران و بزووتنەوەی تاڵیبان روویداو و دوو کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئێران و کەسێک لە هێزەکانی تاڵیبان کوژران.
 
ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و حکومەتی تاڵیبان گرژیی تێکەوتووە. ئێران، بزووتنەوەی تاڵیبان بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ئێرانی لە مافی ئاوی رووبارە سنوورییەکان بێبەش کردووە و بەشە ئاوەکەی بەرناداتەوە. تاڵیبان ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "وشکەساڵی ئەفغانستانیشی رووبەڕووی کێشە کردووەتەوە."
 
ئەمڕۆ دوو فەرماندەی پایەبەرزی ئێران، قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران و کەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای ئێران، سەردانی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستانیان کرد، ئەو شوێنەی کە شەڕەکە تێیدا روویدابوو.
 
جەلیل رەحیمی جەهانئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "لەو کاتەوە تاڵیبان دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە هەندێک ململانێ و هەوڵی نالۆژیکی لە سنوورەکاندا روویانداوە. بەشی زۆری ئەو کێشانە دەگەڕێنەوە بۆ نائاگایی سنوورپارێز و هێزەکانی تاڵیبان کە شارەزای یاسا و رێوشوێنە سنوورییەکان نین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە