رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆی باش لەنێوان وڵاتەکەی و ئێران بەڕێوەچووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردوەتەوە هێرش نەکاتە سەر ئێران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی باسی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها جەنگی غەززە کرد.
لەبارەی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئێران تایبەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کە تاوەکو ئێستا پێنج گەڕی دانوستاندنیان کردووە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵی هەیە؛ پێم وابێت هەندێک شتی گونجاو دەبینین."
ترەمپ هەڵوێستەکانی خۆی بەرامبەر ئێران دووپاتکردەوە و رایگەیاند، تەنیا دوو رێگە بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران هەیە؛ یەکێکیان "تووندوتیژییە" کە ئەوە رێگەیەکە ئەمریکا پێی باشە لێی بەدوور بێت و رێگەی دووەمیش "رێککەوتنە".
ترەمپ چووە سەر باسکردنی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و پەیوەندی ئەو جەنگە بە دانوستاندنەکانی ئێرانەوە و رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردوەتەوە کە هێرش نەکاتە سەر ئێران، ئەوەش کاتێك دانوستاندنەکان بەردوامن.
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا بە نەتەنیاهووی راگەیاندووە، هیچ کارێک نەکات کە زیان بە دانوستاندنەکان بگەیەنێت، ترەمپ گوتی: "راستییەکەی دەمەوێت راستگۆبم لەگەڵتان؛ بەڵێ ئەوەم پێ راگەیاندووە کە لە چارەسەرەوە نزیکین، بەڵام ئەوەش رەنگە هەر ساتێک بگۆڕێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لە رێککەوتنێکی بەهێز لەگەڵ ئێران دەکاتەوە و گوتی، متمانەی بە کەس نییە و راشیگەیاند، چاوی لەوەیە رێککەوتنەکە رێگە بە پشکنەرانی ئەمریکی بدات تاقیگەی بنکە ئەتۆمییەکان "لەنێوبەرن".
لەبارەی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لەتەنیشت سەرۆکی ئەمریکاوە رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێ ئامادە دەکەن کە دەبێتە بنەما بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس.
ویتکۆف رایگەیاند: "نزیکین لە ئامادەکردنی مەرجە نوێیەکان، سەرۆک هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و هەستێکی باشیشم بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی کاتی و چارەسەرێکی ئاشتیانە لەو ململانێیە هەیە."
ترەمپ رایگەیاند، هیوادارن هاوکاری مرۆیی زیاتر بنێرنە غەززە و گوتی: "بەگشتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین. خۆراک دەگەیەنینە خەڵکی غەززە، بەڵام دۆخێکی زۆر ناخۆش بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ