رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە، ئەو چاوپێکەوتنانە رابگرن کە تایبەتن بە پێدانی ڤیزەی خوێندن.
میدیای ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتان ئاگادار کردوەتەوە چاوپێکەوتنەکانی تایبەت بە پێدانی ڤیزەی خوێندن رابگرن.
ئاگادارینامەکە رۆژی چوارشەممە 28ـی ئایار لەلایەن مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە نێردراوە بۆ باڵیۆزخانەکان.
بەگوێرەی ئەو نووسراوانەی لە وەزارەتی دەرەوە بۆ باڵیۆزخانەکان چووە، لەمەودوا وەزارەتی دەرەوە "پێداچوونەوە بە پرۆسەی وردبینیکردنی داواکارانی ڤیزەی خوێندن و ئەوانەی لە بەرنامەی ئاڵوگۆڕی خوێندن سوودمەند دەبن، دەکات."
نزیکەی 1.1 ملیۆن خوێندکاری خەڵکی وڵاتان لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن. بڕیارەکە لە کاتێکدایە، کێشەیەک لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و زانکۆی هارڤاردی ئەمریکا دروست بووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئیدارەی ترەمپ بڕیاری دا چیدیکە زانکۆ بەناوبانگەکە نەتوانێت خوێندکاری بیانی وەربگرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا زانکۆکەی تۆمەتبارکرد بەوەی بە رێگەدان بە "تێکدەرانی دژی ئەمریکا و لایەنگری تیرۆریستان،" کەشێکی ناسەلامەتی دروستکردووە بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر خوێندکارانی جوو.
24ـی ئەم مانگە ئەڵیسن بۆرۆو، دادوەری دادگەی ماساچووسێتس لە بۆستن بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپی بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ