ترەمپ چاڵێنجێک دەخاتە بەردەم بایدن: ئەگەر دەتوانی تێستێکی هۆشیاری بکە

28-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە دیبەیتی سەرۆکایەتیدا داوا لە سەرۆکی ئێستا دەکات ئەگەر دەتوانێت تەنیا یەک تاقیکردنەوەی ئاسان بکات ئەگەر دەتوانێت: "دڵنیام لە پێنج پرسیاری یەکەم پەکی دەکەوێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-06-2024 یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکای 2024 لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو. لە بەشێکی مشتومڕەکەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کرد، "ئەگەر دەتوانی فەرموو تاقیکردنەوەیەکی هۆشیاری بکە."
 
ترەمپ لە دیبەیتە کاژێر و نیویەکەدا گوتی: "من دوو تاقیکردنەوەی هۆشیاری و بیرەوەریم کرد و بۆ رای گشتیش بڵاومکردەوە. ئەو [بایدن] هیچ تاقیکردنەوەیەکی نەکرد. دەمەوێت بیبینم تاقیکردنەوەیەک بکات، تەنیا یەک تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی زۆر ئاسان. دڵنیام ناتوانێت وەڵامی پێنج پرسیاری یەکەم بداتەوە."
 
ترەمپ باسی لەوە نەکرد کە چ جۆرە تاقیکردنەوەیەکی کردووە و نمرەی چەند بەدەستهێناوە، بەڵام گوتی دکتۆرەکەی پێی گوتووە تاقیکردنەوەیەکی باشی کردووە. ئەمە یەکەمجار نەبوو ترەمپ ئەو داوایە لە بایدن بکات. 
 
شەوی شەممە، 15-06-2024، دۆناڵد ترەمپ لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی مشیگن داوای کرد جۆ بایدن تاقیکردنەوەی هزر و هۆشیاری بکات، بەڵام خۆی ناوی ئەو دکتۆرەی لێ تێکچوو کە لە 2018 تاقیکردنەوەکەی بۆ ئەنجامدابوو.
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا لە دیترۆیت بە ئامادەبووانی گوت: "لە 2018دا ئەو تاقیکردنەوەیەم کرد، دکتۆر رۆنی جۆنسن بۆی کردم، ئەو ئەوکات پێی گوتم: من تەندروستترین سەرۆکی جیهانم."
 
ترەمپ ناوی دکتۆرەکەی بە هەڵە گوت، دکتۆرەکە خۆی ناوی (رۆنی جاکسن)ـە و لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە کۆشکی سپی دکتۆر بوو. جاکسن ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە و نوێنەری ویلایەتی تێکساسە.
 
ترەمپ لەبارەی بایدنەوە گوتی: بایدن "هەر نازانێت وشەی هەڵاوسان بە واتای چی دێت، پێشنیاز دەکەم تاقیکردنەوەیەکی بیرەوەری بکات، هەروەک من کردم."
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی، 14-06-2024 تەمەنی بووە 78 ساڵ. هەمیشە رەخنەی لە بایدن گرتووە کە کەسێکی لاوازە و شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆک.
 
دیبەیتەکەی بایدن و ترەمپ لە شاری ئەتڵانتا لە ویلایەتی جۆرجیا بەبێ ئامادەبوونی هیچ کەسێک لە ستۆدیۆ بەڕێوەچوو. دوو سەرۆکەکە لەسەر چەندین بابەتی وەک کۆچبەران، سیاسەتی ناوەخۆ، سیاسەتی دەرەوە، چاودێریی تەندروستی، رەشپێستەکان، جەنگی غەززە و  جەنگی ئۆکراینا قسەیانکرد.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە