رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوبوونی دیبەیتەکەی نێوان ترەمپ و بایدن، لە راپرسییەکدا 67٪ـی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگیان بە سەرکەوتنی ترەمپ داوە و ٪33ـیش گوتوویانە بایدن باشتر بووە.
رۆژی پێنجشەممە، 28-06-2024، دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەچوو. دیبەیتەکە لە ستۆدیۆی کەناڵی CNN بەڕێوەچوو، دوای تەواوبوونی دیبەیتە 90 خولەکییەکە، کەناڵەکە راپرسییەکی کرد و رای ئەو کەسانەی وەرگرت کە بینەری دیبەیتەکە بوون.
لە راپرسییەکە دەرکەوتووە، 67٪ـی بینەران دەڵێن ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و 33٪ـی بینەرانیش دەنگیان بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا داوە.
پێش دیبەیتەکە کەناڵەکە هەمان راپرسیی ئەنجامدا، تێیدا 55٪ گوتیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و 45٪ـیش گوتیان بایدن دەیباتەوە.
هەروەها، لە پێش دیبەیتەکە 55٪ـی دەنگدەران رایانگەیاندبوو کە متمانەیان بە بایدن نییە سەرکردایەتیی ئەمریکا بکا و 47٪ـیش لە دژی ترەمپ دەنگیاندابوو. لە دوای دیبەتەکە رێژەکان گۆڕان؛ 57٪ رایانگەیاند کە متمانەیان بە بایدن نییە ببێتە سەرۆک و 44٪ـیش دەڵێن متمانەیان بە ترەمپی کۆماری نییە.
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا گوتی: "بایدن دەستپێکێکی خاوی هەبوو، بەڵام بە بەهێزی کۆتایی پێهێنا."
کامالا هاریس هەروەها داوای لە دەنگدەرە ئەمریکییەکان کرد: "سەرنج بخەنە سەر دەستکەوتەکانی بایدن نەک ئاستی ئەو لە دیبەیتەکە."
دیبەیتی دوو سەرۆکەکە کاژێر 9:00ـی شەوی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن و 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر بەڕێوەچوو. هەردووکیان لەسەر پێ بۆ ماوەی 90 خولەک مشتومڕیان لەسەر بابەتگەلێکی زۆر کرد وەک کۆچبەران، سیاسەتی ناوەخۆ، سیاسەتی دەرەوە، چاودێریی تەندروستی، رەشپێستەکان، جەنگی غەززە و جەنگی ئۆکراینا. لە دیبەیتەکە بایدن 35 خولەک و ترەمپیش 40 خولەک قسەیانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ