دادگەی باڵا بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی ترەمپ دەرکرد؛ "دادوەران ناتوانن بڕیارەکانی سەرۆک رابگرن"

28-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای ئەمریکی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکە، هیچ دادوەرێک ناتوانێت بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا هەڵپەسێرێت.
 
ترەمپ بڕیارەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد و گوتی، ئێستا دەتوانێت ژمارەیەک لەو سیاسەت و بڕیارانەی بچەسپێنێت کە پێشتر دادوەران بڕیاری هەڵپەساردنیان بۆ دەردەکردن.
 
بڕیارەکە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمریکا بە 6 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 3 دەنگی نەخێر دەرچوو؛ دوای ئەوە هات کە دادگە گوێبیستی دۆسیەی هەوڵێکی ترەمپ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە پێدانی وڵاتینامەی ئەمریکا لەسەر بنەمای شوێنی لەدایکبوون.
 
ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکردبوو کە چیدیکە وڵاتینامەی ئەمریکا بەو منداڵانە نەدرێت کە دایک و باوکیان کۆچبەرن، بەڵام خۆیان لەنێو ئەمریکا لەدایکدەبن، بەڵام فەرمانەکە بە بڕیاری دادوەرێکی هەرێمی راگیرابوو.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو فەرمانانەی لەلایەن دادوەرە تاکەکانی دادگەی هەرێمییەوە بۆ راگرتنی بڕیارەکان لەسەر ئاستی وڵات دەردەکرێن، ئەگەری هەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان بن.
 
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورە بوو، دەمەوێت جارێکی دیکە سوپاسی دادگەی باڵا بکەم بۆ ئەم بڕیارە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێستا "زۆر سیاسەتی دیکە" جێبەجێ دەکات کە "بە هەڵە" راگیرابوون، لەوانە هەوڵەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە مافی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای شوێنی لەدایکبوون، کۆتاییهێنان بەو پارەیەی بۆ کەسانی رەگەزگۆڕاو و "شارەکانی داڵدەدانی" کۆچبەران تەرخان دەکرێت.
 
پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا، کە لە تەنیشت ترەمپەوە وەستابوو، گوتی، بڕیارەکە رێگری لە "دادوەرە یاساشکێنەکان دەکات کە سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ لە سەرتاسەری وڵاتدا پەکدەخەن."
 
دیموکراتەکان بە خێرایی بڕیارەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، ئەمە ترەمپ بێباکتر دەکات لە کاتێکدا سنوورەکانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەبەزێنێت.
 
چەک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی مەترسیدار بەرەو دیکتاتۆری" ناوبرد.
 
بەڵام ترەمپ نیگەرانییەکانی لەبارەی چڕکردنەوەی دەسەڵات لە کۆشکی سپی رەتکردەوە و گوتی: "ئەمە لە راستیدا پێچەوانەی ئەوەیە. ئەمە بەڕاستی دەستوور دەگەڕێنێتەوە."
 
ترەمپ هەروەها بە جیا ستایشی "بڕیارێکی مەزن"ـی دادگەی باڵای کرد کە رێگە بە دایکان و باوکان دەدات منداڵەکانیان لەو وانانە بکشێننەوە کە لە قوتابخانە گشتییەکاندا لەبارەی هاوڕەگەزخوازی فێری منداڵان دەکرێن.
 
دادگەی باڵا لەسەر دەستووریبوونی فەرمانە جێبەجێکارییەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە هاووڵاتیبوونی ئۆتۆماتیکیی ئەو منداڵانەی لەنێو ئەمریکا لەدایک دەبن، بڕیاری نەدا.
 
بەڵام بڕیارە گشتییەکە لەبارەی سنووری بڕیاری دادوەرە هەرێمییەکان، رێگرییەکی گەورە لەبەردەم بەرنامە سیاسییە مشتومڕهێنەکەی ترەمپ لادەبات و کاریگەریی دوورمەودای لەسەر توانای دەسەڵاتی دادوەری دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ترەمپ یان سەرۆکەکانی داهاتووی ئەمریکا.
 
فەرمانە جێبەجێکارییەکەی ترەمپ لەبارەی مافی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای شوێنی لەدایکبوون، تەنیا یەکێکە لەو هەنگاوە زۆرانەی کە لەلایەن دادوەرانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا راگیراون، چ ئەوانەی لەلایەن دیموکراتەکانەوە دامەزراون و چ ئەوانەی لەلایەن کۆمارییەکانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا