ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە رەتکردەوە

28-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەوڵەکانی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە دۆناڵد ترەمپ لە ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ئێران شکستیان هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمارییەکان رێگرییان لە پڕۆژەبڕیارێک کرد.
 
پڕۆژەبڕیارەکە کە لەلایەن سیناتۆر تیم کەین پێشکێشکرابوو، ئامانجی ئەوە بوو دووپاتی بکاتەوە کە پێویستە ترەمپ پێش ئەوەی هەر کردەیەکی سەربازیی دیکە دژی ئێران ئەنجام بدات، رەزامەندیی کۆنگرێس وەربگرێت. 
 
پڕۆژەبڕیارەکە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی لە ترەمپ پرسیار کرا ئایا ئەگەر بە پێویستی بزانێت جارێکی دیکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردوومان دەکاتەوە، لە وەڵامدا گوتی: "بێگومان، بەبێ هیچ پرسیارێک."
 
پڕۆژەکە بە 53 دەنگی نەخێر بەرامبەر 47 دەنگی بەڵێ لە ئەنجوومەنی پیران کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن، شکستی هێنا. 
 
جۆن فێتەرمان، سیناتۆری دیموکرات چووە پاڵ کۆمارییەکان و دژی پڕۆژەکە دەنگیدا، لە کاتێکدا سیناتۆر راند پۆڵ تاکە کۆماری بوو کە بە بەڵێ دەنگیدا. 
 
سیناتۆر بیڵ هاگەرتی کە سەر بە کۆمارییەکانە گوتی: "بێگومان، دەتوانین گفتوگۆ لەسەر قەبارە و ستراتیژیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان بکەین، بەڵام نابێت لە نێوەڕاستی قەیرانێکدا کە ژیانی خەڵک لە مەترسیدایە، دەستی سەرۆکەکەمان ببەستین."
 
دیموکراتەکان دەڵێن، پێویست بوو سەرۆک سەرەتا بچووایەتە کۆنگرێس، هەروەها جەختییان لەوە کردەوە کە زانیاری پێویستی لەبارەی هێرشەکە پێنەداون. 
 
کەین گوتی: "بیرۆکەکە ئەمەیە: نابێت کوڕ و کچەکانمان بنێرینە بەرەکانی جەنگ، ئەگەر کۆدەنگییەکی سیاسی نەبێ کە ئەو کارە بیرۆکەیەکی باشە و لە بەرژەوەندیی نیشتمانییدایە"؛ گوتیشی، پڕۆژەبڕیارەکە ئامانجی سنووردارکردنی توانای سەرۆک نییە بۆ بەرگریکردن لە هەڕەشەیەک، بەڵکو "ئەگەر هێرشکردن بێت، با دڵنیابینەوە بڕیارێکی دروست دەدەین."
 
دیموکراتەکان بۆ پشتیوانیکردن لە پڕۆژەبڕیارەکەیان، پشتیان بە "یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ" بەست کە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دەرچووە و داوا لە سەرۆک دەکات "لە هەموو دۆخێکی گونجاودا" "پێش جووڵەپێکردنی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، راوێژ بە کۆنگرێس بکات."
 
هەوڵەکە لە کاتێکدایە رۆژی 22ی مانگ سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران. رۆژی دواتر ترەمپ نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و رایگەیاند،  هێرشەکان "لە رووی قەبارە و ئامانجەوە سنووردار بوون" و "بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی، رێگریکردن لە هێرشی داهاتوو و سنووردارکردنی مەترسییەکان داڕێژرابوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە