ئێران نامەیەک لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاراستەی UN دەکات

28-06-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرایەتیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بە تووندی سەرکۆنەی لێدوان و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و داوا لە سکرتێری گشتی رێکخراوەکە و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هەڕەشەیە بکەن و بە "نایاسایی، نابەرپرسیارانە و تیرۆریستی" ناوی بێنن.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جیا نامەی بۆ سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی UN ناردووە و تێیدا ناڕەزایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەرامبەر هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی دەربڕیوە.
 
لە نامەکەدا هاتووە، "لە 26ی حوزەیرانی 2025دا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئیسرائیل، بە ئاشکرا هەڕەشەی لە رێبەری مەزنی [کۆماری ئیسلامی] ئێران کرد و پلانەکانی رژێمی بۆ تیرۆرکردنی ئاشکرا کرد. ئەم لێدوانە شەرمەزارکەر و نایاساییە بە هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ لێدوانە بە هەمان شێوەەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە سەرەتا لە 18ی حوزەیران و دیسانەوە لە 27ی حوزەیرانی 2025 دران. ناوبراو لەو لێدوانانەدا، رێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە 'ئامانجێکی ئاسان' ناوبرد و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رێگری لە رژێمی ئیسرائیل یان هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە ژیانی بهێنن."
 
لە نامەکەدا باس لەوە کراوە، هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا "پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە" و داوا لە سکرتێری گشتی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هەڕەشە تیرۆریستیانە بکەن کە لە لایەن رژێمی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کراون و بە نایاسایی، نابەرپرسیارانە و تیرۆریستی ناوزەندی بکەن."
 
نوێنەرایەتییەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسیش نووسیویەتی، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاشکرا "هەڕەشەی تیرۆرکردنی رێبەری ئێرانیان کردووە، ئەم کردەوە تاوانکارییە نموونەیەکی روونی تیرۆریزمی دەوڵەتییە و نابێت رێگە بدرێت تووندیی هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە بە هیچ شێوەیەک کەم بکرێتەوە یان ئاسایی بکرێتەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران، ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ئەگەر سەرۆک ترەمپ لە خواستەکەی بۆ رێککەوتن راستگۆیە، دەبێت واز لەو تۆنە بێڕێزی و قبووڵنەکراوەی بەرامبەر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بهێنێت و دەست لە ئازاردانی ملیۆنان لایەنگری دڵسۆزی هەڵگرێت."
 
ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی 22ی مانگ هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران و رایگەیاند، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی پەکخستووە. 
 
کاردانەوەی ئێران لە کاتێکدایە، ترەمپ رۆژی هەینی، 27ی حوزەیرانی 2025، لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، لەکاتی جەنگەکەدا بە شوێنی عەلی خامنەییان دەزانی و ئەگەر بیانویستبایە، دەیانتوانی بیکوژن. 
 
ترەمپ گوتی، رێگەی بە سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا نەدا کۆتایی بە ژیانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە