لە بەریتانیا کۆنفرانسێک لەنێوان بازرگانانی کوردی دیاسپۆرا و وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت

28-06-2025
هێمن عەبدوڵڵا
    محەممەد بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا.
محەممەد بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەم جار لە مێژووی دیاسپۆرای کوردیدا کارسازان و بازرگانانی کوردی دیاسپۆرانشین و بازرگانانی ئەو وڵاتەی کوردی لێدەژین کۆنفرانسێکی هاوبەش دەبەستن. 
 
رۆژی شەممە 28-6-2025، لە شاری بێرمێنگهامی بەریتانیا، کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت. کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا رێکخەری کۆنفرانسەکەیە، جگە لە بازرگانان ژمارەیەک کاربەدەستی حکومەتی بەریتانیا و پەرلەمانتارانیش ئامادە دەبن.
 
محەممەد بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بوو لە بارەی کۆنفرانسەکەوە رایگەیاند، کوردی دیاسپۆرا لە بەریتانیا لە زۆربەی بوارەکان بەرەوپێشچوون، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.
 
بەرزنجی گوتیشی، کۆنفرانسەکە رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بازرگانان فێربن چۆن لە بازرگانی بچووکەوە هەنگاو بنێن بەرەو بازرگانی گەورە، دەڵێت، "دەمانەوێ هەموو بازرگانەکان بەتایبەتی بازرگانە کوردەکانی بەریتانیا لە پلاتفۆرمەکە سوودمەند بن".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشدا، " کۆمەڵێک بازرگانی گەورەی بەریتانیا لە نەتەوە جیاوازەکانی بەریتانیا لە کۆنفرانسەکە بەشدارن، ژمارەی بازرگانان 120 کەسن و 30 کەسیش وەک میوان بەشدار دەبن". دەشڵێت، "لە کۆنفرانسەکەدا بەرپرسی باڵا لە حکومەتی بەریتانیا و هەرێمەکەمان، هەروەها پارێزگار و چەندین ئەندام پەرلەمان و ئەندامی شارەوانیییەکان بەشدار دەبن و  یەکەمجارە بەرپرسی باڵا لەو جۆرە کۆنفرانسانە بەشداریی دەکەن".
 
محەممەد بەرزنجی ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی لە کۆنفرانسەکە بریتییە لەوەی بازرگانان فێربن چۆن بازرگانی بچووک گەورە بکەن و کارەکانیان گەورە و فراوانتر بکەن، بەتایبەتی بازرگانە کوردەکان لەرێگەی بەرکارهێنانی سیستم و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەبازاڕکردن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا روونیکردەوە، هەریەکە لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا و بەرپرسی باڵا لە حکومەتی بەریتانیا لە کۆنفرانسەکەدا قسەیان دەبێت.
 
بەرزنجی ئاشکرایکرد، ژمارەی میوان و بەشداربووانی کۆنفرانسەکە زۆر لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بوو، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و داخستنی ئاسمانی ناوچەکە ژمارەی بەشداربووان و میوانەکان کەمبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە