نەتەوە یەکگرتووەکان: سەردەمی گەرمبوونی زەوی کۆتاییهات و کوڵانی زەوی دەستیپێکردووە

28-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
گوتێرێز دەڵێت، سەردەمی گەرمبوونی زەوی کۆتاییهات و کوڵانی زەوی دەستیپێکردووە.
گوتێرێز دەڵێت، سەردەمی گەرمبوونی زەوی کۆتاییهات و کوڵانی زەوی دەستیپێکردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زانایان دەڵێن، ئەم تەممووزە گەرمترین مانگ دەبێت لە مێژووی تۆمارکراوی جیهاندا. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە زەوی دەستی بە "کوڵان" کردووە. 
 
ئەم مانگە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و قەتیسبوونی گەرما کاری لە دەیان ملیۆن کەس لە ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکای باکوور کردووە، هاوتەریب لەگەڵ ئاگری گەورەی دارستانەکان کە کەنەدا، باشووری ئەوروپا و باکووری ئەفریقای گرتووەتەوە. 
 
گوتێرێز داوای هەنگاوی خێرا و کاریگەری کرد بۆ کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی هەسارەکە. گوتیشی: "گۆڕانی کەشوهەوا لێرەیە. لە تووندبووندایە. ئەمە تەنیا سەرەتایە. سەردەمی گەرمبوونی زەوی کۆتاییهات، سەردەمی کوڵانی زەوی دەستیپێکردووە."
 
لەبەر ئەوەی لە سێ هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا تێکڕای پلەکانی گەرمیی جیهان لە سەرووی ئاستی ئاساییەوە بووە، رێکخراوی کەشناسیی جیهانی و دەزگای کۆپەرنیکۆسی گۆڕانی کەشوهەوای سەر بە یەکێتیی ئەوروپا رایانگەیاند کە: "ئەگەرێکی زۆر" هەیە تەممووزی 2023 ببێتە گەرمترین مانگ لە مێژووی پلەکانی گەرمادا، کە لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە دەست بە تۆمارکردنیان کراوە. 
 
کارلۆ بیونتێمپۆ، بەڕێوەبەری دەزگا ئەوروپییەکە گوتی، پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا "بەشێوەیەکی بەرچاو" بەرزبوونەتەوە و  جیاوازییەکە هێندە گەورەیە کە زانایان پشتڕاستن، تەنانەت پێش ئەوەی ئەم مانگە کۆتاییبێت، ریکۆردی بەرزترین پلەی گەرمای زەوی شکێنراوە. 
 
دوور لەو تۆمارە فەرمیانە، داتا نافەرمییەکانی دیکە کە بۆ مێژوویێکی کۆنتر دەگەڕێنەوە، وەک ئەڵقەی قەدی دارەکان و قاڵبە سەهۆڵەکان، پێشانیدەدەن کە دەکرێت ئەو ئاستەی لەم ماوەیەدا تۆمارکراوە، "لە مێژووی چەند هەزار ساڵی رابردووماندا وێنەی نەبووبێت." 
 
بیونتێمپۆ دەڵێت، رەنگە تەنانەت "زیاتر لە 100 هەزار ساڵیش لەمەوبەر" پلەی گەرما نەگەیشتبێتە ئەو ئاستە. 
 
لە سەدەی نۆزدەیەمەوە، پلەی گەرمای زەوی 1.2 پلە بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی سووتاندنی سووتەمەنییە نەریتییەکانی وەک نەوت، بەنزین، گاز و هتد.  ئەو 1.2 پلەیەش وایکردووە شەپۆلەکانی گەرما تووندتر و زیاتر بن، هەروەها دیاردە سرووشتییەکانی دیکەی وەک لافاو و زریانی بەهێزتر کردووە.  
 
"هەڕەشەی بنەڕەتی"
 
گەرمای تووند و ئاگری وێرانکەر کە لەم مانگەدا نیوەگۆی باکووری زەویی گرتووەتەوە، هۆشداریی لە بارەی کاریگەری بۆ سەر تەندروستی، سیستمی ژینگەیی و ئابووری بەدوای خۆیاندا هێناوە. 
 
چەندین ناوچەی بەرفراوانی ئەمریکا رووبەڕووی ئاستی پێوانەیی پلەی گەرما دەبنەوە و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای بە "هەڕەشەیەکی بنەڕەتی" ناوبردووە.  
 
بایدن رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لە کاتی کۆبوونەوەی بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ حاکمی ژمارەیەک ویلایەتی وڵاتەکەی، گوتی: "پێموانییە ئیدی هیچ کەس بتوانێت نکوڵی لە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا بکات." 
 
بایدن ئاماژەی بەوە کرد، گەرما "یەکەمین بکوژی پەیوەندیدار بە کەشوهوایە" لە ئەمریکا و ساڵانە 600 کەس بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن. 
 
سەرۆکی ئەمریکا ژمارەیەک هەنگاوی راگەیاند بۆ بەهێزکردنی سەلامەتیی کرێکاران لە دژی گەرما، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکاندا کاردەکەن. 
 
لە پەکینی پایتەختی چین، کە ماوەی چوار هەفتەیە لەسەر یەک پلەی گەرمی بۆ سەرووی ئاستی پێوانەیی 35 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە، حکومەت داوای لە خەڵکی بەتەمەن کرد لە ژوورەوە بمێننەوە و منداڵانیش کاتی یاریکردنیان لە دەرەوە کەمبکەنەوە. 
 
ئاگری دارستانەکانیش ژمارەیەک وڵاتی سەر دەریای نێوەڕاستی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەرووی 40 کەس.
 
سەدان کارمەندی ئاگرکوژاندنەوە لە هەوڵدان بۆ خامۆشکردنی ئاگرەکە لە یۆنان، کە ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوامە. 
 
کۆپەرنیکۆس و رێکخراوی کەشناسیی جیهانی دەڵێن، پلەی گەرمیی رووی دەریا، کە گەیشتووەتە سەرووی ئەو ئاستەی پێشتر تۆمارکرابوو، رۆڵی لەم گەرمکردنە تووندەی تەممووزدا هەبووە.
 
بیۆنتێمپۆ گوتی: "بەشێکی بەرچاوی" نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست ئێستا نزیکە لەوەی بە تۆمارەکانی پێشوو بگات یان تێیپەڕاندووە. 
 
لە هەمان کاتدا، پلەی گەرمای بەرز لە ئاوە تەنکەکانی باشووری فلۆریدا، کە رۆژی دووشەممە گەیشتە 37.8ی سیلیزی، ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و هەڕەشەی سەر مەرجانەکانی زیاتر کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە