رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ چەند تۆمەتێکی نوێی رووبەڕوو دەکرێنەوە و لە یەکێک لە تۆمەتەکانیدا، دادگە بەوە تۆمەتباری دەکات، هەوڵیداوە چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە ماڵەکەیدا لە مارالاگۆ لە فلۆریدا بسڕێتەوە، کە تایبەتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکان.
رۆژی هەینی 28ی تەممووزی 2023 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەلایەن داواکاری گشتیی ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار کرا کە گرتە ڤیدیۆکانی کامێرا چاودێرییەکانی ماڵەکەی لە مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا، سڕیونەتەوە.
بەگوێرەی دادگەی فیدڕاڵیی ئەمریکا، واڵتین نۆتە، یاردەدەری کەسیی دۆناڵد ترەمپ و کارلۆس ئۆلیڤێرا، بەڕێوەبەری موڵکەکانی ترەمپ لە حوزەیرانی 2022 بە فەرمانی ترەمپ بەشێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرا چاودێرییەکانی کۆگەی ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپیان رەشکردووەتەوە.
یەکێکی دیکە لەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ترەمپ ئەوەیە، زانیارییەکانی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکا و چەند زانیارییەکی تایبەت بە چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە، ئەوەش بە گوتەی داواکاری گشتی مەترسیی خستووەتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز تۆمەتەکانی بە "بێ بنەما" ناوبرد و گوتی، "ئەوە بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن."
ئەو تۆمەتانەی سەر ترەمپ لە کاتێکدان، لە ئابی 2022 پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا زیاتر لە 11 هەزار بەڵگەنامەی لە ماڵەکەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا دۆزییەوە، کە زیاتر لە 100 بەڵگەنامەیان بە بەڵگەنامەی "نهێنی و هەستیار" پۆلێن کران.
لە کانوونی دووەمی 2022، ترەمپ 15 سندووقی رادەستی ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا کرد، کە زیاتر لە 200 بەڵگەنامەی نهێنی و هەستیاریان تێدابوو.
لە 13-06-2023 ترەمپ لەبەردەم دادگەی مەیامی ئامادەبوو و هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە ئاراستەی کرابوون. بڕیارە لە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوودا ترەمپ لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون دادگایی بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ