رووداو دیجیتاڵ
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە لە هاوینەهەواری گۆڵفی دۆناڵد ترەمپ لە سکۆتلاند، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. بڕیارە بۆ کۆتاییهێنان بە "ئازارە بێوێنەکانی" غەززە گوشاری لێ بکات و باسی بازرگانیی نێوان وڵاتەکانیشیان بکەن.
گفتوگۆکان رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا گەیشتنە رێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانیان لەسەر پێناسی گومرگی و رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی بازرگانی.
چاوەڕوان دەکرێت ستامەر گوشار بخاتە سەر ترەمپ بۆ زیندووکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، لە کاتێکدا قەیرانی برسێتی لە ناوچە گەمارۆدراوەکەی فەلەستین تاوەکو دێت سەختتر دەبێت.
کۆبوونەوەکە لە تێرنبێری لە باشووری رۆژئاوای سکۆتلاند، لەکاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپی نیگەرانیی زیاتری خۆیان لەبارەی دۆخی غەززەوە دەردەبڕن و ستامەر رووبەڕووی گوشاری نێوخۆیی بووەتەوە بۆ ئەوەی بە شوێنپێی فەرەنسادا بڕوات و دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی حکومەتی بەریتانیا کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بڵاویکردەوە، هەردوو سەرکردە باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئەم دواییەی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا و هەروەها هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا دەکەن.
بەڵام چاوەڕوان دەکرێت مەترسیی روو لە زیادبوونی برسێتیی فەلەستینییەکان لە غەززە، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان بێت.
ترەمپ سێ رۆژە لە سکۆتلاندە، کە شوێنی لەدایکبوونی دایکیەتی.
گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا گوتی، چاوەڕوان دەکرێت ستامەر "پێشوازی لە کارکردنی ئیدارەی سەرۆک [ترەمپ] لەگەڵ هاوبەشەکانی لە قەتەر و میسر بکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە."
گوتەبێژەکە گوتیشی: "زیاتر لەگەڵیدا باس لەوە دەکات کە چی دیکە دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی بەپەلە، کۆتاییهێنان بە ئازار و برسێتیی بێوێنە لە غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەرکراون."
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەمریکا هاوکاریی زیاتر پێشکەش بە غەززە دەکات، بەڵام دەیەوێت وڵاتانی دیکەش هاوکاربن.
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ گرنگەکانی لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، لە هاوینەهەوارەکەی باشووری گلاسگۆ، ترەمپ گوتی: "ئەمە کێشەی ئەمریکا نییە، بەڵکو کێشەیەکی نێودەوڵەتییە."
کۆبوونەوەی ستامەر و ترەمپ دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئوردن و ئیمارات کرد بۆ ناردنی هاوکاری لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ غەززە. بەرپرسانی بواری مرۆیی هێشتا گومانیان هەیە کە ئەو جۆرە گەیاندنانە بتوانن خۆراکی پێویست بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی ناوچەکە دابین بکەن.
رۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل "وەستانێکی تەکتیکی" شەڕی لە سێ ناوچەی غەززە راگەیاند و گوتی، رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان دەدات رێڕەوی وشکانیی پارێزراو بەکاربێنن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی برسێتییەکە.
پێناسی گومرگی
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل لە گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززە کشانەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا حەماسی بە رێگریکردن لە رێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد، تۆمەتێک کە لەلایەن بزووتنەوە فەلەستینییەکەوە رەتکرایەوە.
ستامەر رۆژی شەممە لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانی بە تەلەفۆن قسەی کرد و دواتر حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی "زۆر گرنگە دڵنیابن لەوەی پلانێکی پتەو هەیە بۆ گۆڕینی ئاگربەستێکی بەپەلە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام."
بەڵام راگەیێنراوەکەی داونینگ ستریت هیچ ئاماژەیەکی بە دەوڵەتی فەلەستینی نەکردبوو، کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە وڵاتەکەی لە مانگی ئەیلوولدا دانی پێدا دەنێت.
زیاتر لە 220 لە کۆی 650 پەرلەمانتاری بەریتانیا، کە دەیان پەرلەمانتاریان لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری ستامەرن، داوایان لێکردووە کە ئەویش دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ستامەر و ترەمپ هەروەها باسی "پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی بازرگانیی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا" دەکەن، کە لە 8ی ئایار واژۆکرا و پێناسی گومرگی لەسەر هەندێک هەناردەی بەریتانیا کەمکردەوە، بەڵام هێشتا نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە گوتی، رێککەوتنەکە بۆ هەردوولا "نایابە" و ستامەر "کارێکی زۆر باش دەکات."
دوای کۆبوونەوەکەیان، پێکەوە گەشت دەکەن بۆ ئەبەردین لە باکووری رۆژهەڵاتی سکۆتلاند، کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە فەرمی یاریگایەکی نوێی گۆڵف لە هاوینەهەوارەکەی بکاتەوە.
ترەمپ رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە تێرنبێری یاریی گۆڵفی کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی سەردانە پێنج رۆژییەکەیدا کە تێکەڵەیەک بوو لە پشوو و کاری دیپلۆماسی و هەندێک لە بارزگانیی تایبەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ