ترەمپ: ئەو کۆچبەرانەی دێنە بەریتانیا گەمژەن

28-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی حکومەتی بەریتانیا دەکات بۆ تووندکردنی رێکارەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران و رایگەیاند، "ئەوانەی روو لە بەریتانیا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دەکەن، کەسانی باش نین و زۆربەی کات بکوژ، بازرگانی ماددەی هۆشبەر و گەمژەن." سەرکردەکانی ئەورووپاش ئاگادار دەکاتەوە کە پارێزگاری لە کیشوەرەکەیان بکەن، ئەگەرنا چەند ساڵێکی دیکە شتێک بەناوی ئەورووپاوە نامێنێت.  
 
رۆژی دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سکۆتلەندا لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە و یەکێک لەو تەوەرانەی قسەیان لەسەر کرد تووندکردنی سیاسەتەکانی ئەورووپا و بەریتانیا بوو بەرامبەر  کۆچبەران. 
 
ترەمپ گوتی، "ئەوان (بەریتانیا) سیاسەتێکی باشیان هەیە، پێموایە ئەگەر ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەوە دێن و نازانیت کێن، ئایا لە زیندانەکانەوە دێن؟ ئێمە حاڵەتمان هەیە کە لە زیندانەکانەوە هاتوون. ئێمە هەموویان دەردەکەین. مانگی شەشی رابردوو، مانگەکەی پێشوو، هیچ کەسێک نەهاتە نێو وڵاتەوە، سفر، جگە لەوانەی بە رێگەی یاسایی هاتن."
 
لەسەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 24 هەزار کۆچبەر لەرێگەی بەلەمی چووپەوە و لەفەرەنسا و رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە قاچاخ خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
 
ترەمپ گوتی: "من هیچ شتێک لەبارەی بەلەمەکانەوە نازانم، بەڵام ئەگەر بەلەمەکان پڕ کرابن لە خەڵکی خراپ و زۆرجاریش هەر وان، چونکە، دەزانن، وڵاتانی دیکە کەسە باشەکانیان نانێرن، ئەوان ئەو خەڵکە دەنێرن کە نایانەوێت و ئەوانەش خەڵکی گەمژەن. ناتوانیت رێگە بدەیت خەڵک بە نایاسایی بێنە ئێرە. ئەوەی روودەدات ئەوەیە کە بکوژ و بازرگانی ماددەی هۆشبەر و هەموو جۆرە کەسێکی دیکە دێن کە وڵاتانی دیکە نایانەوێت. ئەوان بۆ ئێوەیان دەنێرن و بۆ ئێمەشیان دەنێرن و ئێوەش دەبێت رایانبگرن."
 
ترەمپ هۆشداری دایە وڵاتانی ئەورووپا کە دەبێت سنوورەکانیان بەڕووی کۆچبەراندا قایمتر بکەن و گوتی: "ئەورووپا شوێنێکی زۆر جیاوازە بەراورد بە تەنیا پێنج ساڵ یان دە ساڵ لەمەوبەر. پێویستە خۆیان رێکبخەنەوە. ئەگەر وا نەکەن، چیتر ئەو ئەورووپایەتان نامێنێت کە دەیناسن و نابێت رێگە بەوە بدەن. ئەمە بەشێکی مەزنی جیهانە و نابێت تێکی بدەن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بریندارێکی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیا و ئەو کوڕ و باوکەی پۆلیس دەڵێت هێرشەکەیان کردووە

کوڕ و باوکێکی بە رەچەڵەک پاکستانی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیایان کردووە

لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی شاری سیدنیی ئوسترالیا، 16 کەس کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بووە. پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کراوە کە بە رەچەڵەک پاکستانین؛ باوکەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، کوڕەکەش بە برینداری دەستگیر کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە