ئێران گفتوگۆ لەگەڵ رۆژئاوا لەسەر 'توانا بەرگرییەکانی' رەتدەکاتەوە

28-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی فەرەنسا داوای "رێککەوتنێکی گشتگیر"ی لەگەڵ تاران کرد کە بەرنامە مووشەکییەکەی و هەژموونە هەرێمییەکەی دەگرێتەوە، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، توانا سەربازییەکانی جێگەی گفتوگۆ نین.
 
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە توانا بەرگرییەکانمانەوە، بە هیچ شێوەیەک هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت".
 
ئێران هەموو چالاکییە سەربازییەکانی، بە بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانیشەوە، وەک چالاکیی بەرگری ناو دەبات.
 
رۆژی یەکشەممە، ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە میدیای ئەمریکی گوت، حکومەتەکانی رۆژئاوا هەوڵی "رێککەوتنێکی گشتگیر" لەگەڵ ئێران دەدەن، ئەوەش بۆ دوورکەوتنەوە لەو "مەترسییە"ی کە رەنگە بە نهێنی بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت.
 
بارۆ گوتی، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە "لایەنی ئەتۆمی" و هەروەها "لایەنی بالیستی" و "ئەو چالاکییانەی ناسەقامگیرکردنی هەرێمی کە ئێران کردوونی" دەگرێتەوە.
 
قسەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەیەکی رۆژی هەینی هات لەنێوان دیپلۆماتکارانی ئێرانی و هاوتاکانیان لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا کە یەکەم گفتوگۆی ئەتۆمی بوو دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی رابردوودا.
 
گفتوگۆکانی رۆژی هەینی لە ئیستەنبووڵ لە کاتێکدا بوو کە ئەو سێ زلهێزە ئەوروپییە، کە بە E3 ناسراون، لە هەفتەکانی رابردوودا هەڕەشەی کاراکردنی میکانیزمێکیان کردووە کە بە "سناپباک" (snapback) ناسراوە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە. 
 
بارۆ گوتی: "ئەگەر تاوەکو کۆتایی هاوین رێککەوتنێکی نوێ و بەهێز و بەردەوام و پشتڕاستکراو نەکرێت، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هیچ بژارەیەکی دیکەیان نابێت جگە لە دووبارە سەپاندنەوەی ئەو سزا جیهانییەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیران".
 
ئێران پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر سزاکان دووبارە بسەپێندرێنەوە، رەنگە تاران لە پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بکشێتەوە.
 
بەقائی رایگەیاند، "ناتوانرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت وڵاتێک لە پەیماننامەیەکدا بمێنێتەوە لە کاتێکدا لە مافە دیاریکراوەکانی بێبەش کراوە، بەتایبەتی بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی".
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوودا، پێگە سەرەکییە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی چەندین فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمی.
 
شەڕەکە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی پەکخست کە لە مانگی نیساندا دەستیانپێکردبوو، وای لە ئێران کرد هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵپەسێرێت.
 
بەقائی گوتی، کۆبوونەوەکەی ئیستەنبووڵ لەگەڵ زلهێزە ئەوروپییەکان تەنیا لەسەر "پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان" بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە