ئەڵمانیا پلانی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی پەسندکرد

28-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا پلانی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی و بەهێزکردنی زیاتری سوپای پەسندکرد وەکو ئامادەکارییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان وڵاتانی ناتۆ و رووسیا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، دوای پەسندکردنی پلانی زیادکردنی ژمارەی سەربازانی سوپای ئەڵمانیا، فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، رووسیا "گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی، ئاشتی و سەقامگیری لە ئەورووپا" و بۆ رووبەڕووبوونەوەی "پێویستە ئەڵمانیا گەورەترین سوپای لەنێو وڵاتانی ئەورووپای نێو ناتۆدا هەبێت". 
 
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانەکە بۆ هاندانی گەنجانە بۆ ئەوەی بە خۆبەخشی بچنە ریزی سوپای ئەڵمانیاوە، بەڵام ئەگەر ژمارەی سەربازان زۆر کەمتر بێت لەوەی پێویستە، ئەوا لە ساڵانی داهاتوودا سەربازی دەکەنە ناچاری. 
 
لە پلانەکەدا هاتووە، 1ـی کانوونی دووەمی داهاتوو، راپرسییەک لە نێو گەنجانی ئەڵمانیا دەکرێت بۆ ئەوەی توانا، زانیاری و ویستیان بۆ خزمەتکردن لە ریزی سوپای ئەڵمانیا بزانن، وەڵامدانەوەی راپرسییەکە بۆ پیاوان مەرج و بۆ ژنان و کچانیش ئارەزوومەندایە. 
 
لە 1ـی تەممووزی 2027ـەوە، پیاوانی 18 ساڵ بەرەوسەر ناچار دەکرێن بچن بۆ پشکنینی پزیشکی تەنانەت ئەگەر نەیانەوێت لە ریزی سوپا خزمەت بکەن. بە گوێرەی پلانەکە، ئامانج لەو هەنگاوە دروستکردنی راپۆرتێکی سەرتاسەرییە لەبارەی ئامادەیی سوپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان. 
 
تاوەکو ساڵی 2011 خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا ناچاری بوو. لەم پلانەی ئێستا ئەگەر ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکە نەگاتە ژمارەی پێویست و جەنگیش هەبێت، ئەوا پیاوانی تەمەن 18 بۆ 60 ساڵ ناچار بە خزمەتی سەربازی دەکرێن. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەوانەی دەچنە ریزی سوپاوە مانگانە 2660 دۆلاریان دەدرێتێ، ئەمە جگە لە چاودێری تەندروستی بەخۆڕایی و چەندین خزمەتگوزاری دیکە. لە پلانەکەدا باسی زیادکردن و خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەک لە ئەڵمانیا کراوە. 
 
ئێستا سوپای ئەڵمانیا 182 هەزار سەربازی چالاک و 49 هەزاری یەدەگی هەیە. وەزیری بەرگریی وڵاتەکە دەیەوێت ژمارەی چالاکەکان بگەیەنێتە 260 هەزار و یەدەگەکان بگەیەنێتە 200 هەزار. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە