ئەمریکا پێشوازی لە بڕیاری سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێران دا دەکات و ئامادەیی بۆ گفتوگۆ نیشان دەدات

28-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێشوازی لە بڕیاری فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بۆ کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزا لە دژی ئێران دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا، واشنتن ئامادەیە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ تاران بکات. 
 
روبیۆ دەڵێت، پێشوازی لە کاراکردنی میکانیزمی سناپ باک دەکەن، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش لە مێژە هەوڵی بۆ دەدات، بەڵام دەشڵێت: "لە هەمان کاتدا، ئەمریکا ئامادەی گفتوگۆی راستەوخۆیە لەگەڵ ئێران بۆ پێشخستنی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران."
 
وەزیرەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەشڵێت: "کاراکردنەوەی سزاکان دژبەری ئامادەیی راستگۆیانەی ئێمە بۆ دیپلۆماسی نییە، بەڵکو تەنیا دەرفەتێکە بۆ دیپلۆماسی."
 
روبیۆ هەرەوها دەڵێت: "داوا لە سەرکردەکانی ئێران دەکەین هەنگاوی بەپەلەی پێویست بنێن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی وڵاتەکەیان هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت، بۆ ئەوەی بە رێگەی ئاشتیدا بڕوات و لە ئەنجامدا خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ئێران بەدەست بێنێت."
 
ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات
 
پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران وەڵامی بڕیاری فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ سەپاندنەوەی سزا نێوەدەوڵەتییەکان بەسەر وڵاتەکەیدا دەداتەوە.. 
 
بە گوێرەی راگەیێنراوێک کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا، فەرەنسی، بەریتانی و ئەڵمانییەکانی، عێراقچی پێیگوتوون: "بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەم رێکارە نایاسایی و ناڕەوایە دەداتەوە کە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە گرتوویانەتە بەر."
 
راگەیێنراوەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، عێراقچی هۆشداری داوە کە کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە، دەبێتە هۆی "لاوازبوونی" هاوئاهەنگیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. 
 
دوای نەگەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پرۆسه‌یەکی 30 رۆژه‌یان بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا نێودەوڵەتییەکان بە‌سه‌ر ئێران دا ده‌ستپێکرد.
 
میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەندێکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربووێکی رێککەوتنەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین یان ئەڵمانیا، پێیوابوو ئێران رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەتوانێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی دوای 30 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێندرێنەوە سەر ئێران. 
 
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بە گوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، بۆیە چین و رووسیا، کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن ڤیتۆی بکەن. 
 
تاکە رێگە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکان ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رازی بکات کە میکانیزمەکە رابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە. 
 
ئەگەر رازی بوون، ئەوا دەتوانن لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە دەنگدان، بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بدەن.  
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەنجوومەنی ئاسایش سبەین هەینی، کاژێر 10:00ی بەیانی بەکاتی نیویۆرک، واتە 5:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، کۆبوونەوەیەکی داخراو لەسەر ئێران دەکات. 
 
کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان کە "سناپ باک"ی پێ دەگوترێت، دوو مانگ دوای بۆمبارانکردنی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکاوه دێت و ‌ پێشبینی ده‌کرێت ببێته‌ هۆی توندبوونه‌وه‌ی زیاتری گرژییه‌کان.
 
نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کاراکردنی میکانیزمەکەی بە "هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد."
 
سێ وڵاته‌ ئه‌ورووپییه‌که‌ نامەیەکیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووه‌ و نیازی خۆیان بۆ سزادانی ئێران ئاشکرا کردووە. 
 
سێ وڵاته‌که‌، ناسراو به‌ E3، له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا رایانگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ میکانیزمی "گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاکان" به‌کاربهێنن، پێش ئه‌وه‌ی له‌ نێوەڕاستی مانگی تشرینی یه‌که‌مدا توانای گێڕانه‌وه‌ی سزاکانی سه‌ر تاران له‌ده‌ستبده‌ن.
 
ئەو سزایانە به‌پێی رێککه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی 2015 هه‌ڵگیرابوون.
 
ئەورووپییەکان چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئێران کرد، له‌دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئه‌مریکا له‌ نێوەڕاستی مانگی حوزه‌یران دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی ئێرانیان بۆردوومان کرد.
 
ئەورووپییەکان، "دەیانویست رێکبکەون بۆ ئەوەی میکانیزمەکە کارا نەکەنەوە،‌" به‌ڵام به‌بڕوای ئه‌وان، لە گفتوگۆکانی رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ جنێڤ، هیچ پابه‌ندییەکی به‌رچاویان لە ئێرانه‌وه‌ دەستنەکەوتووە.
 
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە نیگەرانن و ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێککه‌وتننامه‌ی 2015ـی پێشێل کردووه‌، که‌ ئامانج لێی  رێگریکردن بوو له‌ تاران بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. 
 
ئه‌مریکا، که‌ لایه‌نێکی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ بوو، له‌ ساڵی 2018 له‌ژێر سه‌رۆکایه‌تی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایه‌وه‌ و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش دانوستاندنە ناڕاسته‌وخۆکانی له‌گه‌ڵ تاران شکستیان هێنا.
 
سێ وڵاته‌ ئه‌ورووپییه‌که،‌ که‌ وه‌زیره‌کانیان رۆژی چوارشه‌ممه‌، مارکۆ روبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایان له‌ بڕیاره‌که‌یان ئاگادارکرده‌وه‌، رایانگه‌یاند، هیواخوازن ئێران تا کۆتایی مانگی ئه‌یلوول پابه‌ندییه‌کانی له‌باره‌ی پرۆگرامی ئه‌تۆمییه‌وه‌ بسه‌لمێنێت، تاوه‌کو ئەوانیش سەپاندنەوەی سزاکان هەڵبوەشێننەوە. 
 
ئەورووپییەکان له‌ نامه‌که‌یاندا رایانگه‌یاند: "پابه‌ندین به‌ به‌کارهێنانی هه‌موو ئامرازێکی دیپلۆماسی بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی ئێران هه‌رگیز چه‌کی ئه‌تۆمی په‌ره‌پێنادات. ئه‌مه‌ش بڕیاری ئه‌مڕۆی ئێمه‌ ده‌گرێته‌وه‌ بۆ چالاککردنی میکانیزمی 'گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاکان' له‌ رێگه‌ی ئه‌م ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئێمە پابەندین بە چاره‌سه‌رێکی دیپلۆماسیی."
 
پێشتر ئێران هۆشداریدابوو له‌ "وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی تووند" ئه‌گه‌ر سزاکان دووباره‌ بسه‌پێنرێنه‌وه‌.
 
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە پێشنیازی درێژکردنه‌وه‌ی میکانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاکانی بۆ شه‌ش مانگ کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی دانوستاندنی‌ جیدی بکرێن، بەو مەرجەی ئێران رێگە بە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بنکە ئەتۆمییەکانی بپشکنن.
 
پرۆسه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان 30 رۆژ ده‌خایه‌نێت پێش ئه‌وه‌ی سزاکان بکەونەوە سەر کەرتەکانی دارایی، بانک، نەوت و گاز و به‌رگریی ئێران.
 
سێ سه‌رچاوه‌ی نێوخۆیی نزیک له‌ حکومه‌تی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان رایانگه‌یاندووە، زیادبوونی ترسی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ژێر میکانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی سزاکاندا، بێئومێدی له‌ ئێران دا زیاتر ده‌کات، که‌ دڵه‌ڕاوکێی ئابووری له‌ زیادبووندایه‌ و ناکۆکیی سیاسی قووڵتر ده‌بێته‌وه‌.
 
له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ری سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئێران پەراوێزتر دەخات، به‌رپرسان له‌ تاران ناکۆکن، نەریخوازەکان داوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا میانڕه‌وه‌کان پاڵپشتی دیپلۆماسی ده‌که‌ن.
 
ئەم هەنگاوەی سێ وڵاتە ئەورووپییە به‌های تمەنی ئێرانی به‌ شێوه‌یه‌کی بەرچاو دابه‌زاند.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا