رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا ناڕازی بووە بەڵام نەحەپەساوە، هاوکات داوای لە "هەردوو لا" کرد کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 28-08-2025، کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "ئەو لەم هەواڵە دڵخۆش نەبوو، بەڵام نەشحەپەسا. ئەمانە دوو وڵاتن کە ماوەیەکی زۆرە لە جەنگدان. رووسیا ئەم هێرشەی بۆ سەر کیێڤ دەستپێکرد و بە هەمان شێوە، ئۆکراینا لەم دواییانەدا گورزێکی لە پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا وەشاند."
لێڤیت گوتی، رەنگە ترەمپ دواتر لێدوانی زیاتر لەسەر بابەتەکە بدات.
"رەنگە هەردوو لا ئامادە نەبن"
کاتێک مووشەک و درۆنەکانی رووسیا باڵەخانە سڤیلنشینەکانیان کردە ئامانج، لانیکەم 19 کەس کوژران. نێردەی یەکێتیی ئەورووپا و باڵەخانەیەکی کولتووریی حکومەتی بەریتانیاش کرانە ئامانج.
ترەمپ بەڵێنیدابوو لە ماوەی 24 کاژێردا لە دوای دەستبەکاربوونی، کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت، بەڵام لەو کاتەوە دانی بەوەدا ناوە کە ئەو ئەرکە قورسترە لەوەی پێشبینیی دەکرد. دواتر، لووتکەیەک لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێنا.
لیڤیت رایگەیاند، ترەمپ "لە هەر کەسێک زیاتر" کاری بۆ ئاشتی کردووە، بەڵام لێدوانەکانی پێشووی ترەمپی دووپاتکردەوە کە هەوڵیداوە هەندێک لە تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئۆکرایناش، کە لە شوباتی 2022ـدا لەلایەن رووسیاوە هێرشی کرایەسەر.
لێڤیت گوتی: "رەنگە هەردوو لای ئەم جەنگە ئامادە نەبن خۆیان کۆتایی پێبهێنن. سەرۆک دەیەوێت کۆتایی بێت، بەڵام دەبێت سەرکردەکانی ئەم دوو وڵاتەش بیانەوێت کۆتایی بێت."
پێشتر کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ئۆکراینا هۆشداریدابوو کە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر "هاوڵاتیانی بێتاوان" رەنگە هەوڵەکانی ئاشتیی سەرۆک تێکبدات.
کیلۆگ لە ئێکس رایگەیاندبوو: "ئەم هێرشە قێزەونانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەو ئاشتییەی کە سەرۆک ترەمپ کاری بۆ دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ