رووداو دیجیتاڵ
زانایان دەڵێن، پاشماوەی "سەیرترین" داینەسۆریان لە مەغریب دۆزیوەتەوە کە جەستەیەکی دڕکاوی هەبوووە و کلکەی هاوشێوەی چەکێکی کوشندە بووە.
زانایان لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەی داینەسۆرەکە لە گۆڤاری زانستیی "نەیچەر" بڵاو کردووەتەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە، چەند ئێسکێک بە درێژیی جیاجیا، لە شێوەی دڕک، لە مل، تەنیشت، پشت و کلکی داینەسۆرەکە درێژبوونەتەوە.
داینەسۆرەکە لە جۆری سپایکۆمێلەسە، کە 165 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەسەر زەوی ژیاوە و یەکێکە لە کۆنترین داینەسۆرە گیاخۆرەکان.
زانایان دەڵێن ئەو دڕکانە، وەک زرێپۆشێک، داینەسۆرەکەیان پاراستووە.
ئەو وێنەیەی زانایانی بەردیوناسی (پەیلیەنتۆلۆجیست) بۆ داینەسۆرەکە دروستیان کردووە، لەسەر بنەمای یەک ئێسکی پەراسوو بووە کە ساڵی 2019 لە مەغریب دۆزرابووەوە.
بەڵام پاشماوەکانی دیکەی کە بەم دواییانە دۆزراونەتەوە، یارمەتیی زانایانی داوە بەرچاویان روونتر بێت و باشتر وێنای داینەسۆرەکە بکەن.
پاشماوە بەردیوەکان دەریانخستووە کە هەموو دڕکی ئێسکاوی لە هەموو پەراسووەکانی درێژبوونەتەوە، کە پێشتر لە هیچ جۆرە بڕبڕەدارێکی زیندوو یان قڕبوودا نەدۆزراوەتەوە.
ریچارد بەتلەر، مامۆستای زانکۆی بێرمینگهامی بەریتانیا و هاوسەرپڕشتیاری پڕۆژەکە گوتی، پاشماوە بەردیوەکە "دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەری باوەڕپێنەکراوە. سپایکۆمێلەس یەکێکە لە سەیرترین داینەسۆرەکان کە دۆزیبێتمانەوە."
سوزانا مەیدمێنت، مامۆستای مۆزەخانەی مێژووی سرووشت لە لەندەن گوتی، ئەو زرێپۆشە دڕکاوییە سەرەتا بۆ مەبەستی بەرگریکردن دژی دڕندەکانی دیکە دروستبووە، بەڵام رەنگە دواتر بۆ راکێشانی سەرنجی رەگەزی بەرامبەر و ترساندنی رکابەرەکانیان بەکارهێنرابن.

ئەو دەڵێت: "سپایکۆمێلەس دڕک و ئێسکی جۆراوجۆری هەبووە کە لە هەموو جەستەیەوە درێژبوونەتەوە، لە نێویاندا ملە یەک مەتر درێژەکەی [...] هەرگیز شتێکی لەمجۆرەمان لە هیچ گیانەوەرێکدا نەبینیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ