ئەمریکا ڤیزەی سەرۆکی کۆڵۆمبیای هەڵوەشاندەوە؛ "داوای لە سەربازان کردووە فەرمانی ترەمپ جێبەجێ نەکەن"

28-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆڵۆمبیا زیادیان کرد، دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیزەی گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتەی ئەمریکای لاتینی هەڵوەشاندووەتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە خۆپێشاندانێکدا لە نیویۆرک، داوای لە سەربازانی ئەمریکا کردووە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی دۆناڵد ترەمپ نەبن.
 
پێترۆ هەروەها لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی دژی "جینۆساید"ی غەززە کرد، "سوپایەکی بەهێز پێکبهێنن بۆ ئازادکردنی فەلەستین."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "بەهۆی کارە نابەرپرسانە و هاندەرانەکانیەوە، ڤیزەی پێترۆ هەڵدەوەشێنینەوە."
 
پێترۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ بوو. رۆژی هەینی لە خۆپێشاندانێکی نزیک بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دژی جەنگی غەززە گوتی، "داوا لە هەموو سەربازانی سوپای ئەمریکا دەکەم، چەکەکانیان روو لە مرۆڤایەتی نەکەن" و "گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ترەمپ نەبن."
 
پێترۆ رۆژی شەممە، وەک پلانی بۆ دانرابوو، گەڕایەوە کۆڵۆمبیا و رایگەیاند، لەکاتی گەیشتنەوەی بە وڵاتەکەی، بە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەکەی زانیوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە ئایا هەڵوەشاندنەوەکە کاریگەریی لەسەر سەردانەکانی داهاتووی دەبێت یان نا.
 
پێترۆ، کە یەکەم سەرۆکی چەپڕۆی کۆڵۆمبیایە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رووی لە ترەمپ کرد و گوتی، "یاسای نێودەوڵەتی پارێزبەندیم پێدەبەخشێت بۆ چوونە نەتەوە یەکگرتووەکان و نابێت هیچ تۆڵەسەندنەوەیەک هەبێت بەرامبەر رای ئازادم، چونکە من کەسێکی ئازادم."
 
پێترۆ، کە ناسراوە بەوەی زۆرجار بەبێ ئامادەکاری قسە دەکات و گوتاری ئایدیۆلۆجی پێشکێش دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتیشی، "باکم نییە" بە سزا، چونکە هاووڵاتییەکی ئەورووپیشە.
 
ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێویستی بە ڤیزە نییە بۆ گەشتکردن بۆ ئەمریکا.
 
کۆڵۆمبیا ساڵی رابردوو بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند. پێترۆ چەندین جار گەمارۆی غەززەی بە "جینۆساید" ناوبردووە.
 
کۆڵۆمبیا ماوەیەکی درێژە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین و لە بواری رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکاندا هاوکارییەکی نزیکیان هەیە. بەڵام چەندین جار پێکدادان لەنێوان پێترۆ - کە ئەندامی پێشووی گرووپێکی یاخیبوو بووە - و ئیدارەی ترەمپدا روویداوە.
 
لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە، پێترۆ داوای لێکۆڵینەوەی تاوانکاری کرد لە ترەمپ و بەرپرسانی دیکە کە تێوەگلاون لە هێرشە کوشندەکانی ئەم مانگەدا بۆ سەر بەلەمەکان لە دەریای کاریبی، کە کۆشکی سپی رایگەیاندبوو مادەی هۆشبەریان دەگواستەوە. کۆشکی سپی زانیاریی کەمی لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی کە پێی ئەنجامدراون، بڵاوکردووەتەوە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵدا پێترۆ دژی گەشتەکانی دیپۆرتکردنەوە وەستایەوە کە بە فڕۆکەی سەربازی ئەمریکی ئەنجام دەدران، ئەمەش بووە هۆی قەیرانێکی دیپلۆماسی کاتێک ترەمپ هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد بە سەپاندنی باجی بەرزتر و هەڵپەساردنی ڤیزە. ئەمریکا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی کۆڵۆمبیایە و حکومەتەکەی پێترۆ پاشەکشەی کرد و رایگەیاند، فڕۆکەکان قبووڵ دەکات.
 
ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆڵۆمبیای تۆمەتبارکرد بەوەی هاوکاری ناکات لە هەوڵەکانی دژ بە مادە هۆشبەرەکان. هەرچەندە ئەم پۆلێنکردنە سزای لەخۆنەگرت کە هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ وڵاتەکە کەم بکردایەتەوە، بەڵام رەخنەیەکی تووند بوو کە پێترۆی تووڕە کرد.
 
پێترۆ گوتی، وڵاتەکەی چەندین "پۆلیس و سەرباز و هاووڵاتیی ئاسایی لەدەستداوە، لە هەوڵیاندا بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کۆکاین" بە ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا