جیهان
سەربازێکی ئەڵمانی لەکاتی راهێنانێکی سەربازیدا ئاراستەی چەکەکەی لە درۆنێک کردووە. وێنە: REUTERS/Lisi Niesner
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی شەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ دەسەڵات بداتە سوپاکەی تاوەکو ئەو درۆنانە بخاتە خوارەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی و گوماناوی لە ئاسمانی وڵاتەکەی دەبینرێن، ئەمەش دوای ئەوەی "کۆمەڵێک" درۆن بە ئاسمانی باکووری وڵاتەکەدا بینران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە رۆژانی رابردوودا چەندین جار درۆن لە نزیک فڕۆکەخانە و بنکە سەربازییەکانی دانیمارک و نەرویج بینراون.
پەنجەی تۆمەت بۆ رووسیا درێژ دەکرێ، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە نییە. مۆسکۆ رەتیکردووەتەوە لە پشت رووداوەکانی دانیمارکەوە بووبێت.
لە رووداوەکەی ئەڵمانیادا، ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، رۆژی هەینی "کۆمەڵێک" درۆن بەسەر هەرێمی شلێسڤیگ-هۆلشتاینی باکووری وڵات بینراون کە هاوسنووری دانیمارکە.
دۆبرینت گوتیشی، هەرچەندە لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بینینی درۆن لە ئەڵمانیا رووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام پێشتر کۆمەڵە درۆنی لەو شێوەیە نەبینراون.
وەزیرەکە زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەوەی درۆنەکان بەسەر چ شوێنێکدا سووڕاونەتەوە یان کێ لە پشتیانەوە بووە، ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەرلین ماوەیەکی زۆرە رووسیا بە کاری سیخوڕی و چاودێری تۆمەتبار دەکات.
دۆبرینت گوتی: "ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەیەکی بەردەوام بووینەتەوە."
دۆبرینت لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا پلانی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی دژە درۆنی وڵاتەکەی راگەیاند کە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی هێزە چەکدارەکان لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
رۆژی شەممە دووپاتیکردەوە کە دەیەوێت پێداچوونەوە بە یاساکانی سەلامەتیی ئاسمانی بکات بۆ ئەوەی رێگە بە "خستنەخوارەوەی درۆنەکان" لەلایەن سوپاوە بدرێت.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتیشی، "ئەوەی دەیبینین پێشبڕکێی چەکە؛ پێشبڕکێیەکە لەنێوان هەڕەشەی درۆن و بەرگریی دژە درۆن. دەبێ خۆمان بۆ ئەمە ئامادە بکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پۆلیس بەرپرسیارێتیی سەرەکیی بەرگریکردن دژی درۆنی لەئەستۆیە و پێویستە گۆڕانکاری بکرێت.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، خستنەخوارەوەی درۆن لەلایەن سوپاوە تەنیا لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا رێگەپێدراو دەبێ، وەک ئەوەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ یان ژێرخانی هەستیار دروستبێت.
ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە پشتیوانە سەرەکییەکانی ئۆکراینا لە جەنگی دژی رووسیا، تاوەکو ئێستا دوودڵ بووە لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە ترسی ئەوەی پاشماوەکانیان ببنەهۆی زیانی گیانی.
سەندیکای پۆلیسی GdP دژایەتیی پلانی دۆبرینتی کرد و بە رۆژنامەی (Rheinische Post)ی راگەیاند، ئاسایشی ناوخۆیی ئەرکی پۆلیسە، نەوەک سوپا.
جەنگی درۆنەکان بووەتە خاڵێکی سەرەکیی جەنگی ئۆکراینا و وڵاتانی ناتۆی هاوسنووری رووسیا هیوادارن "دیوارێکی بەرگریی درۆن" دروستبکەن کە تۆڕێکە لە چارەسەری تەکنەلۆجی و سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشە ئاسمانییانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ