لە هێرشەکانی رووسیادا بۆسەر ئۆکراینا 4 کەس کوژران؛ پۆڵەندا جووڵە بە فڕۆکەی جەنگی دەکات

28-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ کەس و برینداربوونی نۆی دیکە، هاوکات پۆڵەندا جووڵەی بە فڕۆکە جەنگییەکانی کرد، بۆئەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی لە درۆنەکان بپارێزێت.
 
لە هەرێمی کیێڤ هۆشداری لە هەبوونی هێرشی ئاسمانی درا و ئیدارەی سەربازیی ناوچەکەش رایگەیاند، رووسیا بە درۆن و مووشەک هێرش دەکات.
 
ڤیتاڵی کڵێچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، لانیکەم 4 کەس بەهۆی هێرشەکانی رووسیا لەو هەرێمە کوژراون کە یەکێکیان منداڵێکی 12 ساڵانە. 
 
بەرپرسەکە پێشتر گوتبووی، پایتەختی ئۆکراینا رووبەڕووی هێرشێکی "بەرفراوان" بووەتەوە و داوای لە خەڵک کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە.
 
کڵێچکۆ لە تەلەگرامەوە گوتی، "بە گشتی، پێنج بریندار هەن،" و ئاماژەی بەوەشکرد کە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
 
پارێزگاری هەرێمی زاپۆریژیای باشووری رۆژهەڵات رایگەیاند، هێرشەکانی رووسیا لەوێ لانیکەم چوار کەسیان بریندارکردووە.
 
ئاندری یێرماک، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا گوتی، "جارێکی دیکە، باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ژێرخان دەکرێنە ئامانج. جارێکی دیکە، ئەمە شەڕێکە دژی خەڵکی سڤیل."
 
یێرماک هەروەها گوتی: "وەڵاممان بۆ ئەم کردەوانە دەبێت. بەڵام دەبێت گورزە ئابوورییەکانی رۆژئاوا دژی رووسیاش بەهێزتر بن."
 
هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستووەتە باری ئامادەیی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیشیان خستووەتە بەرزترین ئاستی ئامادەییەوە. 
 
هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو هەنگاوانە وەک رێکاری خۆپارێزی بوون و ئامانج لێیان پاراستنی ئاسمانی پۆڵەندا و هاووڵاتییانی بووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نزیکن لە ئۆکراینا.
 
چەندین وڵاتی ئەورووپی لەم چەند هەفتەی رابردوودا رووسیایان بە پێشێلکردنی ئاسمانیان تۆمەتبار کرد.
 
ناتۆ پێیوایە رووسیا دەیەوێت هێز و ئارامگریی ئەوان تاقی بکاتەوە.
 
رووسیا رۆژی شەممە رەتیکردەوە پلانی بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی ناتۆ هەبێت و هۆشداریی دا کە هەر هێرشێک بەو بیانووە بکرێتە سەر رووسیا، مۆسکۆ وەڵامی تووندی دەبێت.
 
کیێڤ و مۆسکۆ رۆژی شەممە ئەوەشیان راگەیاند، وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە و گەورەترین وێستگەی ئەورووپایە، ماوەی چوار رۆژە لە کارکەوتووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری رووداوێکی ئەتۆمییەوە زیادکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا