رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا دەستبەجێ پابەندبوونی خۆی بە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا رادەگەیێنێت، بەڵام دەڵێت، ئەمە "کۆتاییهاتنی دیپلۆماسی نییە."
دوای کاراکردنی میکانیزمی 'سناپباک' لەلایەن فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیاوە، سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەستن بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە، کاژێر 3:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، جارێکی دیکە بەسەر تارانەوە سەپێندرانەوە.
سزاکان بەپێی بڕیاری 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـدا هەڵگیرابوون.
هەنگاوەکە دوای ئەوە هات کە لە 28ـی ئابی ئەمساڵ، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) میکانیزمی ناسراو بە "سناپباک"یان کارا کرد، دوای ئەوەی ئێرانیان بە "پێشێلکاریی بەرچاوی پابەندییەکانی" لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا تۆمەتبار کرد.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وەک رێکخەری کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی، لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی دیپلۆماسیی چڕمان لەگەڵ ئێراندا دا، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتینە ئەنجامێک کە رێگە بە درێژکردنەوەی بڕیاری 2231 بدات."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکێتیی ئەورووپا "یەکسەر" دەست بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو سزایانە دەکاتەوە کە پێشتر لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا هەڵگیرابوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێتیی ئەورووپا جەخت دەکاتەوە کە "گەڕانەوەی سزاکان نابێت کۆتایی دیپلۆماسی بێت لەگەڵ ئێران" و رایگەیاند: "چارەسەری بەردەوام بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران تەنیا لە رێگەی دانوستاندن و دیپلۆماسییەوە بەدەست دێت."
ئێران: وەڵامێکی تووندمان دەبێت
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەپاندنەوەی سزاکانی بە "ناڕەوا" دانا و رایگەیاند، "وەڵامێکی تووند و گونجاو"یان دەبێت.
لە راگەیێندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "کاراکردنەوەی سزا هەڵوەشێنراوەکان نەک تەنیا لەڕووی یاساییەوە بێ بنەما و نادادپەروەرانەیە، بەڵکو پێویستە هەموو وڵاتان خۆیان لە داننان بەم دۆخە نایاساییەدا بە دوور بگرن."
وەزارەتەکە هەروەها دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرانە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دەکات. هەر کارێک زیان بە بەرژەوەندی و مافەکانی گەلی ئێران بگەیێنێت، وەڵامێکی تووند و گونجاومان بۆی دەبێت."
ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکە داوای دیپلۆماسی دەکەن
واشنتن داوا لە تاران دەکات گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بکات، لە کاتێکدا ئەورووپییەکان هۆشداری دەدەنە ئێران کە خۆی لە هەر کارێک بەدوور بگرێت کە ببێتە هۆی "زیادبوونی گرژییەکان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دیپلۆماسی هێشتا رێی تێدەچێت... بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، پێویستە ئێران رازی بێت گفتوگۆی راستەوخۆ بە نیازپاکییەوە بکات، بێ کاتکوشتن و ئاڵۆزکردن." هاوکات داوای لە وڵاتانی جیهان کرد "دەستبەجێ" سزاکان جێبەجێ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە کە "سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دیپلۆماسی نییە" و داوایان لە ئێران کرد "خۆی لە هەر هەنگاوێک بەدوور بگرێت کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان."
سزاکان چین و کێ دەکەنە ئامانج؟
ئەو سزایانەی گەڕێنراونەتەوە، بەشێکی فراوانی ئابووری و کەرتی سەربازیی ئێران دەکەنە ئامانج:
• پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی: ئەو کۆمپانیا، دامەزراوە و کەسانەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رۆڵیان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی یان مووشەکە بالیستییەکانی ئێراندا هەیە، دەکرێنە ئامانج.
• چەک و تەکنەلۆژیا: هەر جۆرە فرۆشتن و گواستنەوەیەکی چەک بۆ ئێران قەدەخە دەکرێت. هەروەها هاوردە و هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی رادەگیرێت.
• سزای دارایی و بانکی: سەروەت و سامانی ئەو دامەزراوە و کەسانەی پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە هەیە، لە دەرەوەی وڵات سڕ دەکرێت. هەروەها وڵاتان پابەند دەکرێن رێکار دژی ئەو بانکانە بگرنەبەر کە یارمەتیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی ئێران دەدەن.
• قەدەخەی گەشتکردن: ئەو کەسانەی رۆڵیان لە چالاکییە ئەتۆمییە قەدەخەکراوەکاندا هەیە، رێگەی گەشتکردنیان بۆ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێ نادرێت.
جگە لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپاش دەتوانێت سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت بۆ دروستکردنی گوشاری دارایی لەسەر تاران.
ئایا رووسیا و چین پابەندی سزاکان دەبن؟
هەرچەندە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش پابەندکەرن، بەڵام زۆرجار پێشێل دەکرێن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا وڵاتانی وەک چین و رووسیا کە کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک بە "نایاسایی" دەزانن، پابەندی سزاکان دەبن؟
زلهێزە ئەورووپییەکان پێشبینی دەکەن رووسیا پابەندی سزاکان نەبێت، بەڵام کاردانەوەی پەکین، کە کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێرانە، هێشتا روون نییە.
کلیمێنت تێرم، توێژەر لە "پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئێران" دەڵێت: "خۆدزینەوە لە سزاکان باجی هەیە؛ باجی سیاسی و هەروەها دارایی و ئابووری." بە بڕوای ئەو، رەنگە گەمارۆیەکی تەواو روونەدات، بەڵکو "تێچووی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بەرز دەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ