جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێک دەدات. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە "لە قۆناخی کۆتایی"دان و جەختی کردەوە کە رێککەوتنێک دەتوانێت دەرگە بۆ ئاشتییەکی بەرفراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە.
تاوەکو ئێستا ئەمە بە گرنگترین هەوڵی ترەمپ دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 66,000 فەلەستینی.
ترەمپ گوتی: "هەمووان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام هێشتا پێویستە کاری زیاتر بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی وڵاتانی عەرەبی کرد و گوتی: "کارکردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا نایاب بوو. حەماسیش لەگەڵیان دێت. ئەوان رێزێکی گەورەیان بۆ جیهانی عەرەبی هەیە. جیهانی عەرەبی ئاشتیی دەوێت، ئیسرائیل ئاشتیی دەوێت و بیبیش [نەتەنیاهوو] ئاشتیی دەوێت."
ترەمپ گوتیشی، پلانەکەی تەنیا ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە نییە، بەڵکو دەستپێکردنەوەی هەوڵێکی بەرفراوانترە بۆ ئاشتی لە ناوچەکە.
نەتەنیاهوو 'لەسەر هێڵە'
بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی و جێرید کوشنەر، زاوای ترەمپ، رۆژی یەکشەممە لە نیویۆرک لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. ترەمپ رۆژی دووشەممەش لە کۆشکی سپی پێشوازی لە نەتەنیاهوو دەکات.
ترەمپ گوتی، نەتەنیاهوو لەگەڵ پلانەکەیدایە، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل هێشتا بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر نەداوە.
ناکۆکییە سەرەکییەکان
بەپێی سەرچاوەکان، دوو ناکۆکیی سەرەکی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا ماونەتەوە:
چەکداماڵینی حەماس: ئیسرائیل دەیەوێت بەندێکی تووندتر و پابەندکەرتر لە رێککەوتنەکەدا هەبێت.
رۆڵی دەسەڵاتی فەلەستینی: نەتەنیاهوو بە تووندی دژی هەر رۆڵێکی دەسەڵاتی فەلەستینییە لە غەززە و رۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، جارێکی دیکە بە "هێڵی سوور"ی خۆی ناوی برد.
هەڵوێستی حەماس
حەماس رۆژی یەکشەممە لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، هیچ پێشنیازێکی نوێی لە نێوەندگیرە قەتەری و میسرییەکانەوە پێنەگەیشتووە و جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان لەدوای هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان لە دەوحە لە سێ هەفتەی رابردوودا راگیراون.
بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، قەتەر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ حەماس لە پەیوەندیدا بوون و پێیان وایە حەماس ئامادە دەبێت بە پێشنیازەکە رازی بێت.
خاڵە سەرەکییەکانی پلانەکە
پلانە 21 خاڵییەکەی ترەمپ لەلایەن ویتکۆف و کوشنەرەوە داڕێژراوە و ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
- ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان لە ماوەی 48 کاژێردا لەدوای ئاگربەست.
- ئاگربەستێکی هەمیشەیی
- کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە
- ئازادکردنی نزیکەی 250 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کە سزای هەتاهەتاییان هەیە، لەگەڵ نزیکەی 2,000 فەلەستینیی دیکە.
- پلانێکی دوای جەنگ کە میکانیزمێکی حوکمڕانی لە غەززە بەبێ حەماس لەخۆدەگرێت، بە بەشداریی دەستەیەکی نێودەوڵەتی و عەرەبی و نوێنەری دەسەڵاتی فەڵەستینی.
- هێزێکی ئەمنی کە فەلەستینی و سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان لەخۆبگرێت.
- دابینکردنی بودجە لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانەوە بۆ ئیدارەی نوێ و ئاوەدانکردنەوەی غەززە
- چاکسازیی بەرچاو لە دەسەڵاتی فەلەستینی و رێگەیەکی باوەڕپێکراو بەرەو "دەوڵەتی فەلەستین"
- پرۆسەی چەکداماڵینی حەماس و لەناوبردنی چەکە قورسەکان و توونێلەکان
- لێخۆشبوون بۆ ئەو ئەندامانەی حەماس کە واز لە تووندوتیژی دەهێنن
- پابەندبوونی ئیسرائیل بە لکاندن و داگیرنەکردنی کەرتی رۆژئاوا و غەززە
- پابەندبوونی ئیسرائیل بەوەی لە داهاتوودا هێرش نەکاتەوە سەر قەتەر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ