رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە سەردانێکیاندا بۆسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن لە بنکەیەکی دەریایی ئەمریکا لە باشووری تۆکیۆ، بەڵێنیان دا هاوئاهەنگیی ئەمنیی نێوانیان تووندوتۆڵتر بکەن و بودجەی بەرگری زیاد بکەن.
لە گوتارێکیدا لە بنکەی دەریایی یۆکۆسوکا، کە بنکەی سەرەکیی کەشتیگەلی حەوتەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە، ترەمپ جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و گوتی، "هاوپەیمانیی بەنرخی نێوان ئەمریکا و ژاپۆن یەکێکە لە دیارترین و پتەوترین پەیوەندییەکان لە تەواوی جیهاندا."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد، رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی مووشەک بۆ فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری ئێف-35ی ژاپۆن داوە، کە هەنگاوێکی کردارییە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی ئاسمانیی تۆکیۆ.
تاکایچی رایگەیاند، وڵاتەکەی "پابەندە بە بەهێزکردنی بنەڕەتیی توانا بەرگرییەکانی و ژاپۆن ئامادەیە بە شێوەیەکی چالاکتر و بەرچاوتر بەشداری بکات لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا."
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە رووبەڕووی دۆخێکی ئەمنیی سەختی بێوێنە بووینەتەوە. ئاشتی تەنیا بە قسە و دروشم ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستی بە هێز و ئامادەییە."
جەنگی بازرگانیی ترەمپ، کە هاوپەیمانە نزیکەکانی وەکو ژاپۆنیشی کردووەتە ئامانج، نیگەرانیی لە تۆکیۆ دروستکردووە. ژاپۆن، لەژێر رێککەوتننامەی ئەمنیی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، هێشتا بۆ ئاسایشی خۆی بە رادەیەکی زۆر پشت بە ئەمریکا دەبەستێت.
ئەو رێککەوتننامەیە رێگە بە ئەمریکا دەدات بنکە سەربازییەکانی لەسەر خاکی ژاپۆن بەکاربهێنێت، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ توانای واشنتن لە نیشاندانی هێزی خۆی لە سەرانسەری ناوچەی ئاسیا-پاسفیک. بەڵام ترەمپ، پێشتر رایگەیاندووە رێککەوتننامەکە "نادادپەروەرانەیە"، چونکە تەنیا ئەمریکا پابەند دەکات بە بەرگریکردن لە ژاپۆن بەبێ ئەوەی ژاپۆن بە شێوەیەکی هاوشێوە پابەند بێت بە یارمەتیدانی ئەمریکا لە کاتی هێرشدا.
ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا و ژاپۆن کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی توانای هاوبەشی دروستکردنی کەشتی، هاوکات هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانییەکەی، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی ژاپۆن لەمبارەیەوە واژۆ کرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "بەشێک لە رێککەوتنە بازرگانییەکەمان ئەوەیە کە دەست بە دروستکردنی کەشتی دەکەین. پێشتر ئێمە لە پیشەسازیی دروستکردنی کەشتیدا ژمارە یەک بووین، بەڵام دواتر رێگەکەمان لێ ون بوو، ئێستا جارێکی دیکە دەست بە دروستکردنی کەشتی دەکەینەوە."
"پەیوەندییەکی درێژ و باش"
ژاپۆن میوانداریی زۆرترین سەربازی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات دەکات، کە نزیکەی 53,000 سەربازی چالاک لە بنکەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا جێگیرکراون. ترەمپ، داوای ئەوەشی کردووە کە ژاپۆن وەکو وڵاتی خانەخوێ پارەی زیاتر بۆ پاڵپشتیکردنی خەرجییەکانی بنکەکانی ئەمریکا دابین بکات.
بەپێی رێککەوتنی ئێستا، کە تاوەکو ئاداری 2027 بەردەوام دەبێت، ژاپۆن بەڵێنی داوە ساڵانە بە تێکڕا 211 ملیار یەن (1.4 ملیار دۆلار) بداتە ئەمریکا و چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر رێککەوتنێکی نوێ دەستپێبکەن.
خاڵێکی دیکەی گرژی، سووربوونی ترەمپە لەسەر ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەبێت پارەی زیاتر بۆ بواری بەرگری خەرج بکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بودجە و سوپای ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا، تۆکیۆ لە ساڵی 2022 بەڵێنی دا 43 تریلیۆن یەن بۆ پەرەپێدانی سەربازی تەرخان بکات کە ماوەی پێنج ساڵ دەخایەنێت، بەمەش خەرجییەکانی بەرگری بۆ نزیکەی 2%ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بەرزدەکاتەوە.
هەفتەی رابردوو، تاکایچی، بەڵێنی دا ئەو پلانە خێراتر بکات و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی داراییە کە لە مانگی ئادار کۆتایی دێت، بگاتە رێژەی 2%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ