رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمەڵگەی مانگی سوور دەڵێ، دەکرێ زریانی مێلیسا کاریگەری لەسەر 1.5 ملیۆن کەس لە جامایکا هەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، زریانەکە بە خاوی بە ناوچەکانی کاریبیدا تێدەپەڕێ و چاوەڕوان دەکرێ بەیانی بگاتە کەناراوەکانی جامایکا.
زریانەکە بە پلەی 5 پۆلێن کراوە، بەمەش دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین زریانە تۆمارکراوەکان لە ناوچەکەدا.
نیسفۆر مگنیدی، سەرۆکی شاندی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمەڵگەی مانگی سوور رایگەیاند، "لەوانەیە زریانەکە کاریگەری لەسەر 1.5 ملیۆن کەس دابنێت."
مگنیدی باسی لەوە کرد کە زریانەکە "هەڕەشەیەکی مرۆیی و دەستبەجێیە".
خاجی سووری جامایکا دەڵێ، بەرزترین ئاستی ئامادەباشییان راگەیاندووە، بەڵام هۆشداریش دەدات لەوەی "ئەو کۆمەڵگەیانەی دەکەونە ناوچە کەناراوەکان لە رووی داراییەوە لاوازن و گوندەکان بەهۆی باو و زەوییە شێدارەکانەوە لە مەترسیدان، ئەمەش بەهۆی وەرزی بارانبارینەوەیە، كه ئەگەری ڕوودانی داڕمانی زەوی و لافاو زۆرە."
پێشبینی لافاوی "کارەساتبار" دهكرێت
ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ زریانەکە "کاریگەرییەکی گەورەی" هەبێت.
پسپۆڕانی بواری زریان لە رێکخراوی کەشناسی جیهانی دەڵێن، خێرایی با لە جامایکا دەگاتە نزیکەی 280 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و تەنانە دەکرێت بگاتە 350 کیلۆمەتریش، هەروەها پێشبینی بارینی نزیکەی 700 میلیمەتر باران دەکەن.
بەرپرسانی جامایکا نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لەوەی زریانی مێلیسا کە پێشتر لە دوورگەی هیسپانیۆلا بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس لە هایتی و کۆماری دۆمینیکان، ببێتە بەهێزترین زریان کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا بەر جامایکا کەوتبێت.
کەشناسان هۆشداری دەدەن کە هێواشیی جووڵەی زریانی مێلیسا مەترسییەکە چەند هێندە دەکات، چونکە بەو مانایەیە کە بۆ ماوەیەکی درێژتر بارانی بەلێزمە بەسەر ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا دەبارێنێت، ئەمەش ئەگەری لافاوی کوشندە، رۆچوونی زەوی و داڕمانی شاخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ