رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە لە دووەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، لەلایەن سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆنەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و رێککەوتننامەیەکیان بۆ دەستپێکردنی "سەردەمێکی زێڕین" بۆ هاوپەیمانیی نێوانیان واژۆ کرد، کە وەبەرهێنانی ژاپۆنی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ سەردانی یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکای کردووە لە ئاسیا، بەڵام دڵنیایی تەواو لە ئارادا نییە. سانای تاکایچی، کە تەنیا چەند رۆژێکە بووەتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی وڵاتەکەدا، دەبێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ترەمپدا پتەو بکات، هاوکات بەرگری لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەشی بکات.
بەگوێرەی ئیدارەی ترەمپ، واشنتن نزیکبووەتەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجی راکێشانی 550 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی ژاپۆنی بۆ ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی بازرگانی. لە ئێوارەخوانێکدا بۆ سەرکردە بازرگانییەکان لە تۆکیۆ، هاوەرد لوتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو 490 ملیار دۆلار بەڵێنی وەبەرهێنان دراوە، لەوانەش 100 ملیار دۆلار بۆ هەریەک لە پڕۆژە ئەتۆمییەکانی کۆمپانیاکانی وێستینهاوس و جی ئی ڤێرنۆڤا.
ترەمپ پێش خوانەکە بە بازرگانەکانی گوت، "ئێوە بازرگانی مەزنن. وڵاتەکەمان نائومێدتان ناکات."
گفتوگۆ و دیاریی گەرم
کاتێک ترەمپ و تاکایچی بەیانیی رۆژی سێشەممە چاویان بەیەک کەوت، تەوقەیان کرد و ترەمپ ستایشی کرد و گوتی: "ئەمە تەوقەیەکی زۆر بەهێزە."
لەلایەن خۆیەوە تاکایچی رایگەیاند، ژاپۆن ساڵی داهاتوو 250 داری گێلاس پێشکێشی واشنتن دەکات بۆ رێزگرتن لە یادی 250 ساڵەی ئەمریکا، هەروەها یاریی ئاگرینیش لە پارێزگای ئاکیتاوە بۆ ئاهەنگەکانی 4ی تەممووز دەنێردرێت.
تاکایچی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن کرد، کە مامۆستای سیاسیی ئەو بوو و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ترەمپدا لەڕێگەی خوولیای هاوبەشیان بۆ یاریی گۆڵفەوە دروستکردبوو.
ترەمپ رۆڵی تاکایچی وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژنی ژاپۆن بە "شتێکی گەورە" ناوبرد و ستایشی کرد.
لەلایەکی دیکەوە، شاندی ژاپۆن بە مەبەست گۆشتی گا و برنجی ئەمریکییان لەگەڵ پێکهاتەی ژاپۆنیدا لە کاتی نانی نیوەڕۆدا پێشکەش کرد. تاکایچی داری گۆڵفی ئابێی وەک دیاری دایە ترەمپ و هەردووکیان کڵاوی بەیسبۆڵیان واژۆ کرد کە لەسەری نووسرابوو "ژاپۆن گەڕایەوە"، هاوشێوەی کڵاوە سوورەکانی ترەمپ کە لەسەریان نووسراوە "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە."
سەردەمی زێڕین و رێککەوتن لەسەر کانزای دەگمەن
هەردوو سەرکردە رێککەوتنێکیان بۆ "سەردەمی زێڕین"ـی هاوپەیمانیی وڵاتەکانیان واژۆ کرد کە پابەندبوونی پێشوویان دووپاتکردەوە لەبارەی سەپاندنی 15% باجی گومرگی لەسەر کاڵای ژاپۆنی و دامەزراندنی سندووقێکی 550 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە ئەمریکا.
پاشان ترەمپ و تاکایچی رێککەوتنی دووەمیان واژۆکرد بۆ پێکەوەکارکردن لە دابینکردنی کانزا گرنگ و دەگمەنەکان، ئەمەش گرنگیی خۆی هەیە، لە کاتێکدا ناکۆکی لەنێوان ئەمریکا و چین لەسەر ئەم پرسە هەیە.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، تاکایچی، ترەمپ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشنیاز دەکات.
ترەمپ لە فڕۆکەهەڵگرەکە قسە بۆ سەربازان دەکات
سەرەڕای ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ لە ئاسیا لەسەر باج و بازرگانی چڕبووەتەوە، بەڵام سەردانی فڕۆکەهەڵگری "یوو ئێس ئێس جۆرج واشنتن"ی کرد و قسەی بۆ سەربازانی ئەمریکی کرد.
سەرۆکی ئەمریکا، تاکایچی لەگەڵ خۆی بردبوو و ئەویش گوتارێکی پێشکێش کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ژاپۆن پلانی هەیە خەرجییەکانی بواری سەربازی زیاد بکات.
ترەمپ رۆژی دووشەممە گەیشتە تۆکیۆ و پێشتر لە کوالالامپووری پایتەختی مالیزیا بوو. بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەرەو کۆریای باشوور بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاپێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ