پۆرتوگال پێدانی وڵاتینامە قورستر دەکات

28-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی پۆرتوگال پلانی هەیە پێدانی وڵاتینامە بە هاووڵاتییانی بیانی قورستر بکات. پڕۆژە بڕیارێک بۆ ئەو مەبەستە لە پەرلەمانی وڵاتەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و پارتی (چیگا)ی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەریش پشتیوانیی دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 28-10-2025 حکومەتی پۆرتوگال بڕیارێکی پەسند کرد بۆ درێژکردنەوەی کاتی مانەوەی پێویستی بیانییەکان لە وڵاتەکەی بۆ پێدانی وڵاتینامە پێیان. پۆرتوگال حکومەتێکی هاوپەیمانیی هەیە کە لەلایەن پارتی سۆسیال دیموکراتی راسترۆی میانڕۆ و پارتی گەلی پارێزگارەوە پێکهێندراوە.
 
میدیا و بەرپرسانی پۆرتوگال ئاماژەیان بەو ماوەیە نەکردووە کە بە گوێرەی یاسا نوێیەکە پێویستە بۆ مانەوە لەو وڵاتە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە. بە گوێرەی یاسای ئێستا، بیانییەکان پێویستیان بە پێنج بۆ 10 ساڵە بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە.  
 
دواتریش پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد پارتی چیگاش پشتیوانی دەکات. پێکهێنەرەکانی حکومەتی پۆرتوگال 91 کورسیان لە 230 کورسی پەرلەمان هەیە و پارتی چیگاش 60 کورسی هەیە. 
 
پەسندکردنی پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانی پۆرتوگال پێویستی بە دوو خوێندنەوە و دەنگپێدان پێی هەیە. 
 
ئەندرێ ڤینتورا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی پۆرتوگال و سەرکردە لە پارتی چیگا رایگەیاند: "ئەمڕۆ پۆرتوگال چووە ریزی ئەو وڵاتانەی ئەورووپا کە وەرگرتنی وڵاتینامەیان تێدا قورسترکراوە؛" ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارەکە پێویستی بە چەندین مانگ گفتوگۆ بوو. 
 
پێشتر هەریەک لە یۆنان، ئیسپانیا و ئیتاڵیا مەرجەکانی پێدانی وڵاتینامەیان بە کەسانی بیانی قورستر کردبوو. 
 
بە گوێرەی پارتی چیگا، ئێستا 1.5 ملیۆن بیانی هەڵگری وڵاتینامەی پۆرتوگالین، ئەمە 15٪ی دانیشتووانی وڵاتەکەیە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە