رووداو دیجیتاڵ
ژیانی هەموو پوورە هەنگێک لەسەر شاژنەکەی بەندە. ئەوە تەندروستیی شاژنە کە دیاریی دەکات ئایا دەیان هەزار هەنگ بەهێز دەبن و دەژین یانیش لاواز دەبن و دەمرن.
بەڵام کاتێک شاژنەکە لاواز دەبێت، هەنگەکان چاوەڕێ ناکەن و بە بێدەنگی دەست بە ئامادەکردنی جێگرەوەیەک دەکەن.
ئێستا، توێژەران لە زانکۆیەکی کەنەدا ئاشکرایان کردووە، زۆربەی کات هۆکاری ئەم گۆڕینە، ڤایرۆسەکانن کە زیان بە کۆئەندامی زاوزێی شاژنەکە دەگەیێنن.
چۆن ئەمە روودەدات؟
• ڤایرۆسەکان دەچنە لەشی شاژنەکەوە و زیان بە هێلکەدانی دەگەیێنن.
• بەمەش، شاژنەکە هێلکەی کەمتر دادەنێت.
• لەوە گرنگتر، ڤایرۆسەکە وا دەکات شاژنەکە بۆنێکی کیمیایی کەمتر بەرهەم بهێنێت کە پێی دەگوترێت "فیرۆمۆن."
ئەم فیرۆمۆنە وەک پەیامێکی کیمیایی وایە کە وادەکات هەنگەکان دڵسۆزی شاژن بن. کاتێک پەیامەکە لاواز دەبێت، هەنگەکان هەست دەکەن شاژنەکەیان بەهێز نییە و چیدیکە سوودی نەماوە، بۆیە دەست دەکەن بە پەروەردەکردنی شاژنێکی نوێ.
چارەسەرێکی چاوەڕوانکراو: بەکارهێنانی فیرۆمۆنی دەستکرد
توێژەران تاقیکردنەوەیان کرد و بۆیان دەرکەوت، کاتێک فیرۆمۆنی دەستکرد دەپرژێننە نێو شانەکانەوە، هەنگەکان کەمتر هەوڵی گۆڕینی شاژنەکەیان دەدەن. ئەمە دەتوانێت یارمەتییەکی گەورە بێت بۆ هەنگەوانەکان، بۆئەوەی شانەکانیان بە بەهێزی بمێننەوە.
هۆکارێکی دیکە: مێرووی "ڤاروا"
توێژەران ئەوەشیان دۆزییەوە کە زۆرجار مێروویەکی مشەخۆر بە ناوی "ڤاروا" هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسانەیە لەنێو هەنگەکان. بۆیە کۆنترۆڵکردنی ئەم مێرووە دەتوانێت شاژنەکە لە نەخۆشی بپارێزێت و رێگە لە گۆڕینی بگرێت.
چارەسەرییەکەش بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی مێرووی ڤاروا و رەنگە لە داهاتوودا بەکارهێنانی فیرۆمۆنی دەستکردیش بێت.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی Proceedings of the National Academy of Sciences (PNAS)ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ