زیلینسکی: بۆ ئەوەی لە جەنگ بەردەوام بین، پێویستمان بە پشتیوانیی دارایی ئەورووپایە

28-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، وڵاتەکەی پێویستی بە پشتیوانیی دارایی بەردەوامی ئەورووپایە بۆئەوەی بتوانێ 2 بۆ 3 ساڵی دیکە لە جەنگ دژی هێزەکانی رووسیا بەردەوام بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە جەنگەکە گوشارێکی زۆری لەسەر ئابووری و توانای سەربازیی کیێڤ دروست کردووە.
 
کیێڤ بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای رووسیا بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە پشتیوانیی سەربازی، دارایی و مرۆیی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بەستووە. ئەم یارمەتییانە بۆ دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و هەروەها بۆ بەردەوامیی کارەکانی حکومەت بایەخی هەیە.
 
لە لێدوانێکدا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "جارێکی دیکە بە هەموو سەرکردەکانی ئەورووپام گوت کە ئێمە بۆ دەیان ساڵ شەڕ ناکەین، بەڵام دەبێت نیشانی بدەن کە بۆ ماوەیەک دەتوانن پشتیوانیی دارایی جێگیر بۆ ئۆکراینا دابین بکەن."
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بە پلانەکەی برۆکسل بۆ بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی رووسیا بۆ یارمەتیدانی کیێڤ کرد.
 
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپایان راسپارد بۆ کارکردن لەسەر بژاردەکانی دابینکردنی پارە بۆ ئۆکراینا بۆ دوو ساڵی دیکە. ئەم هەنگاوە دەرگای بۆ قەرزێکی گەورە بە بەکارهێنانی دەیان ملیار یۆرۆ لە قازانجی سامانی رووسیا کە بلۆککراوە، واڵا کردووە و بەمەش سەرچاوەیەکی دارایی نوێ بۆ کیێڤ دابین دەکات.
 
زیلینسکی جەختی لە گرنگیی تەرخانکردنی ئەو هاوکارییە کردەوە و گوتی: "ئەگەر جەنگ لە مانگێکدا کۆتایی بێت، ئەم پارەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە خەرج دەکەین. ئەگەر لە ماوەی مانگێکدا کۆتایی نەیەت، ئەوا بۆ چەک خەرجی دەکەین. ئێمە بە سادەیی هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد گوشار لەسەر شی جینپینگ، سەرۆکی چین دروست بکات بۆ سنووردارکردنی پشتیوانییە ئابوورییەکانی بۆ رووسیا، کاتێک دوو سەرکردەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە.
 
ئەمریکا هەفتەی رابردوو سزای نوێی بەسەر دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی رووسیادا سەپاند و داوای لە کڕیارە سەرەکییەکانی وزەی مۆسکۆ، بەتایبەتی چین و هیندستان کرد کە کڕینیان کەم بکەنەوە. 
 
لە کاتێکدا جەنگەکە چوارەمین ساڵی خۆی تێدەپەڕێنێت، رووسیا لە سەرانسەری بەرەی جەنگدا بە تێچوویەکی مرۆیی و کەرەستەیی زۆرەوە پێشڕەویی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە ناوچەی دۆنباس.
 
زیلینسکی دانی بەوەدانا کە هێزەکانی رووسیا لە شاری پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پێشڕەوییان کردووە کە ناوەندێکی گرنگی ستراتیژیی پێشووی هێڵی شەمەندەفەر بووە و مۆسکۆ زیاتر لە ساڵێکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.