رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بریجیت ماکرۆن، هاوژینی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، لەلایەن 10 کەسەوە تووشی هەراسانکردن و سووکایەتیپێکردنی ئۆنلاین بوو، ئەمڕۆ لە پاریس دادگایی ئەو کەسانە دەستیپێکرد. 10 کەسەکە دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردبووەوە کە گوایە هاوژینی ماکرۆن "پیاو"ـە.
بریجیت ماکرۆن خۆی لە دادگاییکردنەکەدا ئامادە نەبوو. نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، هەشت پیاو و دوو ژن بە بڵاوکردنەوەی "چەندین لێدوانی زیانبەخش" لەبارەی رەگەزی خانمی یەکەم و ناوزەدکردنی جیاوازیی تەمەنی لەگەڵ هاوژینەکەیدا بە "پیدۆفیلیا (منداڵباز)" تۆمەتبارن.
حەوت لە تۆمەتبارەکان، کە تەمەنیان لە نێوان 41 بۆ 60 ساڵە، لە دادگە ئامادەبوون.
یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان دێلفین جێگوسی تەمەن 51 ساڵە، کە بە "ئاماندین رۆی" ناسراوە و خۆی وەک نووسەر ناساندووە. ئەو بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رۆڵێکی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆکەدا هەبووە، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی چوار کاژێری لە یوتیوب لە ساڵی 2021دا.
تۆمەتبارێکی دیکە ئۆرێلیان پۆرسۆن-ئەتلانی تەمەن 41 ساڵە، کە بە "زۆوی ساگان" ناسراوە. ئەو لە دادگادا گوتی: "ئەوە تەنیا تەنز بووە."
پۆرسۆن-ئەتلان گوتیشی، بیستوویەتی کە بریجیت ماکرۆن خۆی ئامادە نابێت و گوتی: "پێموابوو لەوێ دەبێت، چونکە بە تایبەتی خۆم ئامادە کردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو چیرۆکەکە."
دادوەر رایگەیاند، هەموویان بە "سووکایەتیپێکردنی ئۆنلاین" بە خانمی یەکەم تۆمەتبارن، کە بووەتە هۆی "تێکچوونی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ئەو."
خێزانی ماکرۆن ماوەی چەندین ساڵە رووبەڕووی ئەو پڕوپاگەندانە بوونەتەوە، کە دەڵێ، "بریجیت وەک پیاوێک بە ناوی ژان-میشێل ترۆنیۆ (کە ناوی براکەیەتی) لەدایکبووە و دواتر رەگەزی خۆی گۆڕیوە."
خێزانی ماکرۆن پێشتریش لە مانگی تەممووزدا لە دادگەیەکی دێلاوێر لە ئەمریکا، سکاڵای ناوزڕاندنیان لە دژی کاندیس ئۆوێنز، کەسایەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمارکردبوو.
لە ئەیلوولی 2024دا، بریجیت و براکەی دۆسیەیەکی ناوزڕاندنیان دژی جێگوس و ژنێکی دیکە بردەوە، بەڵام دادگەیەکی تێهەڵچوونەوە لە مانگی تەممووزدا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و ئێستا دۆسیەکە لەبەردەم باڵاترین دادگەی فەرەنسادایە.
بریجیت ماکرۆن 24 ساڵ لە ئیمانوێل ماکرۆنی هاوژینی گەورەترە و یەکەمجار لە قوتابخانەی ناوەندی یەکتریان بینیوە، کاتێک ماکرۆن قوتابی بوو و ئەو مامۆستا بوو. ئەوان لە ساڵی 2007 هاوسەرگیرییان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ