رووداو دیجیتاڵ
میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە دادگەیەکی شاری لەندەن هاونیشتمانییەکی سنووری ئیدارەی راپەڕین لە هەرێمی کوردستان، بە تاوانی "بە کۆیلەکردن" بە 8 ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا.
سزادراوەکە ناوی (هیوا مەرگەیی)ـە و تەمەنی 45 ساڵە. دادگەییەکەی دوێنێ لە دادگەی (کینگستن کراون) لە لەندەن بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، قوربانییەکان هەشت کەس بوون و خەڵکی رۆمانیا بوون، کە لە ساڵی 2020 بە قاچاخ بردرابوونە بەریتانیا و بەڵێنی شوێنێ مانەوە، خۆراک، پارە و کاری باشیان پێدرابوو. یەکێک لە قوربانییەکان تەمەنی 15 ساڵ بوو.
هیوا ئەو 8 کەسەی لە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێلدا دانابوون و جاروباریش دەستدرێژی "جەستەیی و دەروونی" دەکردنە سەر.
لە کاتی کەرەنتینی کۆرۆنا دا، قوربانییەکان لە شوشتنگەکەدا دەستبەسەر کرابوون و بەڵگەنامەکانیشیان لێوەرگیرابوون.
رۆژی 1ی شوباتی 2021، کەسە تەمەن 15 ساڵەکە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و رایگەیاندووە "بە فێڵی کاری باش لە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبێل هێندراوەتە بەریتانیا". گوتووشیەتی، خاوەنی شوشتنگەکە بەڵگەنامەی ساختەی بۆ دەرکردوون.
لە راپۆرتەکەی میدیای بەریتانیادا ئەوەش هاتووە، کاتێک پۆلیس چووەتە شوشتنگەکە، دوو ژنی تەمەن 20 ساڵان، پێنج پیاوی تەمەن 20 و 30 ساڵان و منداڵێکی کوڕی تەمەن 15 ساڵیان دۆزیونەتەوە.
قوربانییەکان بە پۆلیسیان گوتبوو، ئەوان بە پاس گوێزرابوونەوە بۆ بەریتانیا و تەنیا چەند هەفتەیەک کاریان کردبوو پێش ئەوەی بەهۆی کەرەنتینەوە شوشتنگەکە دابخرێت. دوای کەرەنتینە، شوشتنگەکە داخراوە و ئەو 8 کەسەش کرێی مانەوەیان بە هیوا داوە.
بە گوێرەی پۆلیسی لەندەن، دوای رزگارکردنی ئەو 8 کەسە، یەکێک لە ژنەکان گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کراوە. کە بەهۆی پشتگوێ خستنییەوە تەندروستی تێکچوو بوو.
کاتی رزگارکردنی ئەو 8 کەسە، هیوا لە دەرەوەی بەریتانیا بوو، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی 12ی ئاداری 2021 چووەوە لەندەن، راستەوخۆ دەستگیرکرا.
مارک میلیکین سمیس، دادوەری سەرپەرشتیی دادگەییەکە رایگەیاند، "بە بۆچوونی من، بەهۆی ئارەزووی زۆری هیوا بۆ سوودی دارایی گوێی بە چاودێری و ژیانی ئەو هەشت کەسە نەداوە". دەشڵێت، ئەو هەشت کەسەکەی لە شوشتنگەکە هێشتبووەوە بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکیان بۆ بهێڵێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ