رووداو دیجیتاڵ
لافاو و زریان ژمارەیەک لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیای گرتووەتەوە. لە تایلاند، ئیندۆنیزیا، مالیزیا و سریلانکا سەتان کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ناوچەیەکی فراوان ژێر ئاو کەوتووە.
ئەمڕۆ هەینی، ئاماری مردووان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
تەنیا لە تایلاند 145 کەس و لە ئیندۆنیزیا 174 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوە جگە لەوانەی لە مالیزیا و سریلانکا گیانیان لەدەستداوە.
دیمەنەکان لە تەواوی ناوچەکەدا هاوشێوەن. شار و گوندەکان ژێرئاو کەوتوون، لافاو دانیشتووانی گەمارۆداوە و بەهۆی بارانی چەند رۆژەی رابردووەوە، لە هەندێ شوێن زەوی داڕماوە.
لە تایلاند مردووخانەکان پڕ بوون لە تەرم
لە تایلاند، سیریابۆنگ ئەنگکاساکولکیات، گوتەبێژی حکومەت دوای نیوەڕۆی هەینی رایگەیاند: "کۆی ژمارەی ئەوانەی لە پارێزگاکانی باشوور گیانیان لەدەستداوە بۆ 145 کەس بەرزبووەتەوە."
باشووری تایلاند زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. دانیشتووانی ناوچەی هات یای ناچاربوون بچنە سەربانی خانووکان و چاوەڕێی بەلەمەکانی فریاکەوتن بکەن.
بەرپرسی نەخۆشخانەیەکی نێوخۆیی رایگەیاند، تەنیا لە ناوچەی سۆنگخلا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و مردووخانەی سەرەکیی شارەکە چی دیکە شوێنی وەرگرتنی تەرمی نەماوە. بەرپرسێکی مردووخانەکە دەڵێ: "توانای وەرگرتنی تەرممان نەماوە و پێویستمان بە شوێنی زیاترە."
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بارهەڵگری ساردکەرەوە لەبەردەم نەخۆشخانەکان وەستێنراون بۆ هەڵگرتنی تەرمەکان.
کامپان وۆنگپانیای تەمەن 67 ساڵ، کە بە بەلەم رزگار کراوە، دەڵێ: "ئاستی ئاوەکە بەرزبووەوە تاوەکو گەیشتە بنمیچی نهۆمی دووەم."
حکومەتی تایلاند بەرپرسی ناوچەی هات یایی لە کارەکەی دوورخستەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ لافاوەکەدا شکستیهێناوە.
لە ئیندۆنیزیا 174 کەس گیانیان لەدەستداوە
لە دوورگەی سووماترای رۆژئاوای ئیندۆنیزیا، بەهۆی لافاو و داڕمانی زەوییەوە، بەگوێرەی نوێترین ئامار 174 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
فێری والینتوکان، گوتەبێژی پۆلیسی باکووری سووماترا دەڵێ: "کاری لەپێشینەمان رزگارکردن و گواستنەوەی خەڵکە. هیوادارین کەشوهەوا باش بێت بۆ ئەوەی بتوانین هێلیکۆپتەر بنێرین."
لە شاری مەیدانی باکووری سووماترا، ئاو گەیشتە کەمەری هاووڵاتییان. مێسنیاتی تەمەن 53 ساڵ باس لەوە دەکات چۆن بەنێو ئاوەکەدا مەلەی کردووە بۆ ئەوەی بگاتە ماڵەوە و هاوژینەکەی رزگار بکات، دەڵێت: "بینیم شەقامەکە نووقم بووە. هەوڵم دا بچمەوە ماڵەوە، ئاوەکە گەیشتبووە کەمەرم."
وەک دیاردەیەکی سرووشتی، لە ئیندۆنیزیا و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، لە نێوان تشرینی دووەم و نیسان، بارانێکی زۆر دەبارێ، بەڵام ئەوەی کە وایکرد ئەمجارە دۆخەکە مەترسیدار بێت، هەڵکردنی زریان بوو لەگەڵ بارانەکە.
هۆکارەکان؛ گۆڕانی کەشوهەوا و بڕینەوەی دار
گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەهۆی بەهێزبوونی زریانەکان و زیادبوونی بارانی بەخوڕ. ئۆلی ئارتا، بەرپرس لە رێکخراوی ژینگەپارێزیی والهی دەڵێ، زێدەڕۆیی لە بیناسازی و بڕینەوەی دارەکان هۆکارێکی دیکەی لافاوەکانن.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئەگەر رووبەری دارستانەکان کەم بێتەوە و لەبری ئەوە کان و باخی دارخورما دروست بکرێن، سیستمی ژینگەیی ئێمە توانای رێکخستنی سیستمی ئاوی نامێنێت."
لە مالیزیاش لافاو بەشێکی زۆری باکووری ویلایەتی پێڵیسـی گرتووەتەوە و 2 کەس گیانیان لەدەستداوە. رینار سیو، راوێژکاری کاروباری کەشوهەوا لە مالیزیا دەڵێت: "زانایان پێشتر هۆشدارییان دابوو کە دیاردە ژینگەییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە تووندتر دەبن، ئەمە رێک ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەیبینین."
سوپای سریلانکا دەستوەردان دەکات
رۆژی هەینی، سریلانکا هێزەکانی سوپای بڵاوەپێکرد بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان. لەو وڵاتە 56 کەس بەهۆی لافاو و هەرەسی زەوییەوە گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان رایگەیاند، نزیکەی 20 هەزار سەرباز بە پاڵپشتیی هێلیکۆپتەر و بەلەم و زرێپۆش بۆ گواستنەوەی دانیشتووانی گوندە گەمارۆدراوەکان جووڵێندراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو 56 قوربانییە، 26یان لە هەرێمی بادولا لە نێوەڕاستی وڵات بەهۆی داڕمانی زەوییەوە بە زیندوویی ژێرخاک کەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ