لە سوێد بکوژی کارسازێکی کورد بە زیندانیی تاهەتایی حوکم درا

28-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێنەی حاجی هێرش (کوژراوەکە). وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
وێنەی حاجی هێرش (کوژراوەکە). وێنە: رووداو/ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حاجی هێرش کارسازێکی کورد بوو لە ستۆکهۆڵم دەژیا، سەرەتای ئەم ساڵ لەلایەن باندێکی تاوانەوە کوژرا. پێشتر تیمی دیاسپۆرا بەدواداچوونێکی مەیدانیی لەسەر گرووپە تاوانکارییەکانی سوێد و تێوەگلانی گەنجی کوردی ئەوێ لەو تاوانانەدا کرد.
 
حاجی هێرش نووسینگەیەکی گەشتیاری و خزمەتگوزاریی دیکەی هەبوو لە گەڕەکی هوسبیی ستۆکهۆڵم. کوڕێکی بەدەستی ئەو گرووپانە کوژرابوو. قسەی بۆ کردین و نیگەران بوو.
 
سەرەتای ئەم ساڵ حاجی هێرش خۆیشی لەنێو نووسینگەکەی تەقەی لێکرا، 8 گولـلەی لێدرا و کوژرا، لەکاتی رووداوەکەدا شایەتحاڵێک و ئەفسەرێکی پۆلیسی سوێدی دوای تەقەکەرەکە کەوتن، کە ناوی کەریم عەلایە و تەمەنی 34 ساڵە. کەریم تەقەی لە پۆلیسەکە و شایەتحاڵەکەش کرد. رووداوەکە 29ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ روویدا، دواتر تەقەکەرەکە دەستگیرکرا و پەڕاوی تاوانی بۆ کرایەوە.
 
ئەم رۆژانە دادگەی ناوچەی سۆڵنا لە ستۆکهۆڵم حوکمی زیندانی تاهەتایی بۆ بڕییەوە. ئەو تاوانانەی بەسەر بکوژی حاجی هێرش دا ساخبوونەتەوە، جگە لە کوشتنی ئەو کارسازە دیاسپۆرانشینە کوردە، ئەوەشە کە تەقەی لە پۆلیس و شایەتحاڵێک کردووە، چەکی نایاسایی پێبووە و مادەی هۆشبەریشی بەکارهێناوە.
 
لە حوکمی دادگاکەدا هاتووە، لەو دیمەنانەی بە کامێرای چاودێری تۆمارکراون، دەردەکەوێت کە کەریم عەلا رۆژی پێشتر لەبەردەم نووسینگە گەشتیارییەکەی حاجی هێرش بووە و وێنەی ئەو ناوچەیەی گرتووە. هەروەها رۆژی تاوانەکە بە جلوبەرگی رەش و شینی تۆخەوە هاتووە. بۆیە دادگا دەڵێت، ئەوەی روویداوە کوشتنی بە پلان و بەئەنقەست بووە نەک رووداوی نەخوازراو، بۆیە دادگاکە پێیوایە نەدەکرا هیچ سزایەکی کەمتر لە زیندانی تاهەتایی بۆ کەریم عەلای بکوژ ببڕێتەوە.
 
گرووپە تاوانکارییەکانی سوێد لەم ساڵانەدا بوونەتە کێشەیەکی گەورە، نەک تەنیا بۆ کۆمەڵگەی سوێدی، بەڵکو بۆ دیاسپۆرای کوردیش؛ بەڵام ئەم هەفتەیە پۆلیسی سوێدی رایگەیاند، گرووپە تاوانکارییەکان لە سوێد لاواز بوون و رێژەی تاوانی رێکخراو لەلایەن ئەو گرووپە تاوانکارییانەوە زۆر کەمیکردووە.
 
یالێ پۆل یارێ ڤیۆس، سەرۆکی هەواڵگریی پۆلیسی نێوەڕاستی سوێد دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت، بەمزووانە رێژەی تەقەکردن و تاوانکاریی رێکخراو لە سوێد دەگاتەوە ئاستی مامناوەندی هەر وڵاتێکی دیکەی نێو یەکێتیی ئەورووپا.
 
ئەمە بۆ دایکان و باوکانی کورد لە سوێد هەواڵێکی دڵخۆشکەرە، چونکە بەهۆی ئەو دۆخەی لەوێ هەبوو، زۆریان پێیان دەگوتین لەپێناو پاراستنی منداڵەکانیان بیر لە بەجێهێشتنی سوێد دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان. وێنەکە: AP

ترەمپ و مۆدی رێککەوتن؛ نەوتی رووسیا مەكڕە، پێناسی گومرگی کەمدەکەمەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هیندستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بازرگانیی مێژوویی کە تێیدا نیودەلهی بەڵێنی داوە کڕینی نەوتی رووسیا رابگرێت.