لە فەرەنسا 4 کۆچبەری عێراقی لە بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا بە سەلامەتی دۆزرانەوە

28-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
کۆچبەرەکان دیپۆرتی بەلجیکا کراونەتەوە
کۆچبەرەکان دیپۆرتی بەلجیکا کراونەتەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە فەرەنسا سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بازاڕێکی گوڵفرۆشانی شاری رۆوان دووکاندارەکان گوێیان لە دەنگە دەنگێک دەبێت لەنێو بارهەڵگرێکدا، کە ساردکەرەوەی تێدایە و لە هۆڵەنداوە گوڵی گواستووەتەوە بۆ ئەو شارە. کاتێک بارهەڵگرەکە دەکەنەوە، 4 کۆچبەری تێدا دەدۆزنەوە کە ویستوویانە خۆیان بگەیێننە سنووری ئاویی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ناوچەی دانکیغ، بۆئەوەی لەوێشەوە بە بەلەمی بچووک و لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بپەڕنەوە ئەوبەر.
 
کۆچبەرەکان پیاون و تەمەنیان لەنێوان 24 بۆ 31 ساڵدا بووە، گوتوویانە، هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین. لە بەلجیکا، کاتێک بارهەڵگرەکە راوەستاوە، خۆیان خزاندووەتە نێوی.
 
ئەو جۆرە بارهەڵگرانە پلەی گەرما تێیاندا زۆر نزمە. بەپێی بەدواداچوونەکانی دیاسپۆرای رووداو، ئاستی ستانداردی پلەی گەرمی لەو بارهەڵگرانەدا لەنێوان یەک پلە خوار سفر تاوەکو سێ پلەی سیلیزییە. ئەگەر مرۆڤێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە ساردکەرەوەیەکی لەو شێوەیەدا بمێنێتەوە، دەکرێت تووشی هایپۆسێرمیا ببێت، واتە پلەی گەرمیی لەشی زۆر نزمتر ببێتەوە لەوەی بەرهەمیدەهێنێت، بەمەش سەرەتا تووشی لەرز دەبێت و لە خراپترین دۆخدا دڵی رادەوەستێت؛ بەڵام ئەو چوار کۆچبەرە هیچیان ئەو کێشانەیان نەبووە و سەلامەتن.
 
مانگی 10ی ئەم ساڵیش 11 کۆچبەری دیکە لەنێو بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەی هاوشێوەدا لە فەرەنسا دۆزرانەوە. یەکێک لە کۆچبەرەکان ژنێک بووە کە 5 مانگ بووە سکپڕ بووە. ژنەکە بەهۆی سەرمای زۆرەوە کێشەی بۆ دروستبووە، بۆیە یەکسەر گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
 
پۆلیسی فەرەنسا دەڵێت، 4 کۆچبەرە دەستگیرکراوەکەی ئەم هەفتەیە رادەستی پاسەوانی سنوور کراون و نێردراونەتەوە بەلجیکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە